Moatazbellah Mohamed Elsayed Hussein Khalil,Hamdi Yıldız
17 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2019
بەیروت ــ AA
وەزیری دارایی لوبنان، محەمەد سەفەدی داوای كرد ناوی لەنێو كاندیدان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو دەربهێندرێت و رایدەگەیەنێت كە ئومێد دەكات هەر دووبارە سەعد حەریری بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو راسپێردرێت.
محەمەد سەفەدی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیادا هاتووە: "چەند رۆژێك لەمەوبەر لایەنە سیاسییەکانەوە رەزامەندی نیشاندرا سەبارەت بەوەی راسپێردرێم بۆ ئەوەی حكوومەتی داهاتوو پێكبهێنم و داوتر زنجیرەیەك دیدارو كۆبوونەوەم لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا ئەنجام دا لەبارەی چۆنیەتی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو كە داواكارییە رەواكانی خۆپیشاندەران جێبەجێ بكات".
وەزیری دارایی لوبنان، محەمەد سەفەدی ئەوەشی گوتووە: "لە میانی دیدارو كۆبوونەوەكاندا، لایەنە سیاسییەكان لەسەروویانەوە سەعد حەریری پێشنیازیان كردووە کە من راسپێرن بۆ ئەوەی حكوومەتی داهاتوو پێكبهێنم، بەڵام داوا دەكەم ناوم لەنێو ئەو كاندیدانەدا دەربهێندرێت كە راسپێردراون بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو".
محەمەد سەفەدی لەبارەی هۆكاری كشانەوەی لە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو گوتوویەتی: "ئەستەمە بتوانم حكوومەتی داهاتوو پێكبهێنم و ئومێد دەكەم هەر دووبارە سەعد حەریری راسپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو".
پێشتر چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە رەوتی نیشتمانی ئازاد كە سەركۆماری لوبنان، میشێل عەون سەرۆكایەتی دەكات ئاشكرایان كردبوو كە رەوتەكەیان رەزامەندی نیشانداوە لەوەی محەمەد سەفەدی راسپێردرێت بۆ ئەوەی حكوومەتی داهاتوو پێكبهێنێت.
بەهۆی خۆپیشاندانەكانی لوبنانەوە، سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە، سەعد حەریری لە ٢٩ی مانگی رابردوود دەستی لەكار كێشایەوە.
خۆپیشاندەرانی لوبنان داوا دەكەن پەلە بكرێت لە پێكهێنانی حكوومەتێك كە وەزیرەكانی سەربە هیچ پارتێك نەبن، هەروەها هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت و گەندەڵكارانیش سزا بدرێن.