Dmitri Chirciu,Rahel Ali
07 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 07 ئادار 2023
مۆسکۆ – AA
گوتەبێژی کرملین، دمیتری پێسکۆڤ بە ئاماژەدان بەوەی کە هەلومەرجی گونجاو نەڕەخساوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ ئۆکراینا بە رێگاچارەی ئاشتییانە، رایگەیاند: "واشنتۆن نایەوێت ئەم جەنگە کۆتایی پێ بێت".
دمیتری پێسکۆڤ لە مۆسکۆی پایتەخت لەبارەی پێشهاتەکانەوە دوا.
گوتەبێژی کرملین، دمیتری پێسکۆڤ لە وەڵامی پرسیاری میدیاکارێک لەبارەی ئەو پلانەی چین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ ئۆکراینا پێشکەشی رووسیای کردووە، سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە گرنگی بە تێڕوانینەکانی چین دەدەن.
دمیتری پێسکۆڤ جەختی لەوە کردەوە کە "ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەت" کە لە ئۆکراینا دەستی پێ کردووە بەردەوامە، گوتی: " هەلومەرجی گونجاو نەڕەخساوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ ئۆکراینا بە رێگاچارەی ئاشتییانە. بۆیە رووسیا لە رێگای بەردەوامیدان بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەت هەوڵ دەدات بە ئامانجەکانی بگات".
گوتەبێژی کرملین، دمیتری پێسکۆڤ ئاماژەی بەوە دا کە ئەمریکا لە پشت جەنگەکەی ئۆکرایناوەیە و گوتی: "واشنتۆن نایەوێت ئەم جەنگە کۆتایی پێ بێت و ئەوەی لە توانایدا بێت درێغی ناکات بۆ بەردەوامبوونی جەنگەکە".