Emre Gürkan Abay
06 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 07 حوزەیران 2023
مۆسکۆ – AA
گوتەبێژی کرملین، دمیتری پەسکۆڤ رایگەیاند: "ئەو زیانانەی بەر وێستگەی کارۆئاوی کاخۆڤکا گەیشتوون، هۆکارەکەی بۆ کارە تێکدەرانەکانی ئۆکراینا دەگەڕێتەوە".
پەسکۆڤ لە مۆسکۆی پایتەخت لەبارەی بە ئامانجگرتنی وێستگەی کارۆئاوی کاخۆڤکا لە بەیانیی ئەمڕۆدا کە بووە هۆی روودانی لافاو لە ناوچەکە بۆ میدیاکاران دوا.
دمیتری پەسکۆڤ سەرنجی خستە سەر ئەوەی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لە پێشهاتەکان ئاگادار کراوەتەوە و گوتی: "پوتین راپۆرتی وەزارەتی بەرگری و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پێ دەگات لەبارەی پێشهاتەکانی دەوروبەری وێستگەی کارۆئاوی کاخۆڤکا. دەتوانین بە دڵنیایییەوە بڵێین کە ئەمە کارێکی تێکدەرانەی بە ئەنقەستی ئۆکراینایە".
پەسکۆڤ ئەو تۆمەتانەی رەت کردەوە کە باس لەوە دەکەن رووسیا رۆڵی هەبووە لە هێرشکردنە سەر وێستگەی کارۆئاوی کاخۆڤکا و گوتی: "فەرمانی هێرشکردنەکە لەلایەن کیێڤەوە دەرچووە و بۆیە دەبێت ئۆکراینا بەرپرسیارێتی تەواوی دەرهاویشتەکان لە ئەستۆ بگرێت".
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە پێشهاتی ئێجگار نەخوازراو لە ناوچەکە روویان داوە و گوتی: "ئەم کارە تێکدەرانە بە زیان دەشکێتەوە بۆ دەیان هەزار مرۆڤ و ژینگە و لەوانەیە چەندین ئاکامی هێشتا دیارینەکراویشی لێ بکەوێتەوە".
لای خۆیەوە بەرپرسانی ئۆکراینا، رووسیا بە بەرپرسیار دەزانن لە بۆردومانکردنی وێستگەکە کە دەکەوێتە ناوچەی خێرسۆن لە ئۆکراینا و لەلایەن رووسیاوە کۆنتڕۆڵ کراوە.