Abdullah Shukur
14 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 15 نیسان 2019
مۆسکۆ - AA
گوتەبێژی کرێملین، دیمیتری پێسکۆڤ رایگەیاند کە ئەوان خۆشحاڵن بە ھەڵوێستی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی کڕینی سیستەمی مووشەکی ئاسمانی ئێس-٤٠٠ لە رووسیا، سەرەڕای گشت ئەو فشارانەی دەخرێتە سەری.
پێسکۆڤ بەشداری لە پرۆگرامێکی کەناڵی Rossiya ١ی رووسی کرد و ھەڵسەنگاندنی لەبارەی کڕینی سیستەمی مووشەکی ئێس-٤٠٠ لەلایەن تورکیاوە کرد.
دیمیتری پێسکۆڤ راشیگەیاند کە لەمبارەیەوە گوشارێکی زۆر دەخرێتە سەر تورکیا و گوتیشی: "لە راستیدا، ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە سەربەخۆن و بە سەربەخۆیانە جوڵە دەکەن ژمارەی پەنجەکانی دەست تێپەرناکەن. رووسیا و تورکیاش دەکەونە نێو ئەو کۆمەڵەیە. بەڕاستی گوشارێکی بێ وێنە ھەیە. خۆشحاڵین بە ھەڵوێستی توندی سەرکۆمار ئەردۆغان".
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی کڕینی سیستەمی مووشەکی ئێس-٤٠٠ ی رووسیا لەلایەن تورکیاوە گوتبووی، "ئەگەر گرێبەستمان لەسەر شتێک کردبێ و رێککەوتنمان ئەنجامدابێت، ئەوا کارەکە تەواو بووە و بەم پێیەش بەردەوام دەبین. ئەمە مافی سەروەری خۆمانە، ئەمە کرداری خۆمانە".