Cüneyt Karadağ
12 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2022
بەرلین - AA
راوێژکاری ئەڵمانیا، ئولاف شوڵتز کاردانەوەی توندی نیشاندا بەرامبەر وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان کە هەڕەشەی لە ئەڵمانیا کردبوو.
لە پەیامی ڤیدیۆیی هەفتانەیدا، شوڵتز رایگەیاند "بیستم وەزیری دەرەوەی ئێران بەهۆی دەرەنجامی هەڵوێست و کارەکانمانەوە هەڕەشەی لە ئەڵمانیا کردووە. دەتوانم هەر ئەوەندە بە حکوومەتی تاران بڵێم کە ئێوە چ حکوومەتێکن تەقە لە هاووڵاتییانی خۆتان دەکەن؟ هەر کەسێک بەو شێوەیە هەڵسوکەوت بکات دەکرێت چاوەڕوانی بەرگریی ئێمە بێت''.
شوڵز بانگەوازی لە خۆپیشاندەران و هاووڵاتییانی بەرەگەز ئێرانی لە ئەڵمانیا کرد و رایگەیاند ''لە پشت هەر داواکارییەکین کە ئێوە دەیکەن، لە پاڵ گەلی ئێرانداین لە رووی مافەکانی مرۆڤ و مافی ژنان''.
راوێژکاری ئەڵمانیا باسی لەوە کرد کە پاش گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی لە ئێران، ئەوە نزیکەی دوو مانگە خەڵکی ئەو وڵاتە رژاونەتە سەر شەقامەکان بۆ ئەمینی و کەسانی دیکە.
ئولاف شوڵتز باسی لەوە کرد کە بابەتەکە پەیوەندی بە شێوازی پۆشینی جلوبەرگەوە نییە و رایگەیاند: ''هەمووان لە ئێران بۆ ئازادی و دادپەروەریی زیاتر رژاونەتە سەر شەقام و خەبات دەکەن''.
هەروەها شۆڵتز ئاماژەی بەوە کرد تەنانەت ناتوانن بیهێننە بەرچاویان کە ئەمە چەندە ئازایەتی دەوێت، ئەوەشی خستەڕوو کە سەدان هەزار ئێرانی لە ئەڵمانیا نیگەرانن لە ئەندامانی بنەماڵەکانیان لە ئێران، سەرسوڕمانی خۆیشی نیشاندا بەو وێنانەی رۆژانە دەگەنە دەستی و تووشی شۆکی دەکەن.
ئولاف شوڵتز گوتارێکی خۆی وەبیرهێنایەوە کە لە نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئێران پێشکەشی کردبوو و، رایگەیاند: ''ئێران ئەندامی نەتەوەیەکگرتووەکانە. ئێران بەڵێنی داوە بە پشتیوانیکردنی مافەکانی مرۆڤ و پاراستنیان. کاتێک مافی مرۆڤ پێشێل دەکرێت، دەبێت بیبینین و هەنگاو بنێین. ئێمەش ئەمە ناکەین. دەبینین کە لە شەقامەکانی تاران، سنە، ئەسفەهان و شیراز و هۆڵەکانی دادگادا چی روودەدات. داوای دەستبەجێ راگرتنی توندوتیژی دەکەین. داوا دەکەین گیراوە سیاسییەکان و رۆژنامەوانانی ناو گرتووخانەکان ئازاد بکرێن''.
راوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەیش کرد کە لە ئێستادا یەکێتیی ئەورووپا پاکێجی سزای جۆراوجۆری دژ بە ئێران پەسەندکردووە و، گوتی:''ئەم سزایانە بەتایبەتی تیشک دەخاتە سەر ئەوانەی بەرپرسن لە ئەنجامدانی توندوتیژی دژ بە گەلەکەی خۆیان. هەفتەی داهاتوو سزای دیکە بۆ ئەم سزایانە زیاد دەکرێت. دەمانەوێت گوشاری سەر پارێزەرانی شۆڕش و رێبەرانی سیاسیی زیاد بکەین. پشتیوانی لە کۆکردنەوەی بەڵگەکان دەکەین بۆ گرتنی بەرپرسانی ئەو کردانەی کراون. داوای سازکردنی دانیشتنێکی تایبەت دەکەین لە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ سەربە نەتەوەیەکگرتووەکاندا''.