Hakan Çopur
23 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 23 کانوونی یەکەم 2020
واشنتۆن- AA
دۆناڵد ترەمپ لە کۆتا مانگی مانەوەی لە پۆستی سەرۆکی ئەمریکادا، بڕیارێکی سەرۆکایەتی دەرکرد کە تیایدا لێخۆشبوون بۆ ١٥ کەس و کەمکردنەوەی سزا بۆ پێنج کەس راگەیەندراوە.
لەنێو ئەو کەسانەشی بەر بڕیاری لێخۆشبوون کەوتوون، چوار سەربازی پێشووی ئەمریکا هەن کە تێوەگلاون لە تاوانی کوشتنی ١٧ هاووڵاتی مەدەنی لە شاری بەغدا پایتەختی عێراق لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٠٧دا.
ئەو چوار تاوانبارە لەلایەن دادگاوە بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەکی درێژ سزادرابوون و دەرکردنی بڕیاری لێخۆشبوون بۆیان کاردانەوەی توندی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدوای خۆیدا هێنا.
ئەو کەسانەی کاردانەوەیان دژبە بڕیارەکە دەربڕیوە باس لەوە دەکەن کە ئەمە نادادپەروەرییەکی گەورەیە بەرامبەر خێزان و کەسوکاری ئەو کەسانەی لەو رووداوەدا بوونەتە قوربانی.
بەڕێوبەری پێشووی لقی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ، سارا لییە ویتسەن لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، وێنەی یەکێک لە قوربانییەکانی ئەو رووداوەی بڵاوکردوەتەوە کە منداڵێکی تەمەن نۆ ساڵە بە ناوی عەلی و نووسیویەتی "دادپەروەری بۆ عەلی نییە، ئێستاش دەپرسن بۆچی ئەوان رقیان لێمانە؟"
چوار سەربازی پێشووی کۆمپانیای ئەمنی "بلاکوتەر"، بە ئەنجامدانی تاوانی کۆمەڵکوژی لە ساڵی ٢٠٠٧دا تۆمەتبار کرابوون.
لە ساڵی ٢٠١٥دا و بە بڕیاری دادگا یەکێک لەو سەربازانە بە زیندانی هەتاهەتایی و سێ تۆمەتبارەکەی دیکەش بە ٣٠ ساڵ زیندانیکردن سزادران.