ڤلادیمیر پوتین: "فڕۆکە جەنگییەکانی F-16 کە بۆ ئۆکرانیا دابین دەکرێن لەناویان دەبەین"
سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمیر پوتین: "دابینکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی F-16 بۆ ئۆکرانیا لەلایەن ڕۆژئاواوە، ھیچ شتێک لە گۆڕەپانی جەنگدا ناگۆڕێت".
Moskova
مۆسکۆ ــ AA
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتین ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی F-16 کە لەلایەن ڕۆژئاواوە ڕادەستی ئۆکرانیا دەکرێن لە ھەر کوێیەک بن، دەکەنە ئامانج ئەگەر دژبە ڕووسیا بەکاربھێنرێن.
ڤلادیمیر پوتین لە میانی بەسەرکردنەوەی بنکەی مەشق و ڕاھێنانی فڕۆکە جەنگییەکانی سەربە وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا لە ناوچەی تڤێر باکووری ئەو وڵاتە ئاماژەی بەوەدا، دابینکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی"F-16" بۆ ئۆکرانیا لەلایەن ڕۆژئاواوە، ھیچ شتێک لە گۆڕەپانی جەنگدا ناگۆڕێت و گوتی: "ئێمە فڕۆکە جەنگییەکانی F-16 لەناودەبەین ھەروەک چۆن ئەو تانک، زرێپۆش و چەک و تەقەمەنییانەی دیکەمان لەنابردووە کە لەلایەن ڕۆژئاواوە بۆ ئۆکراینا دابین کرابوون".
گوتیشی: "فڕۆکە جەنگییەکانی "F-16" کە لەلایەن ڕۆژئاواوە ڕادەستی ئۆکرانیا دەکرێن لە ھەر کوێیەک بن، دەکەنە ئامانج ئەگەر دژبە ڕووسیا بەکاربھێنرێن".
ھەروەھا سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمیر پوتین ئەگەری ھێرشی ڕووسیا بۆ سەر وڵاتانی باڵتیک و پۆڵەندا بە بێمانا وەسف کرد.