جيهان

ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی تەقینەوەکەی بەندەری بەیروتەوە گیانیان لەدەستدا گەیشتە ١٧٧ کەس

ژمارەى ئەو كەسانەى كە لە ئاکامی تەقينەوە بەهێزەكەى بەيروت-ی پايتەختى لوبنان گيانيان لەدەستداوە بۆ ١٧٧ كەس بەرزبووەتەوە.

Mahmut Geldi  | 14.08.2020 - نوێکردنەوە : 16.08.2020
ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی تەقینەوەکەی بەندەری بەیروتەوە گیانیان لەدەستدا گەیشتە ١٧٧ کەس

Beyrut

بەيروت - AA

وەزيرى تەندروستيى لوبنان حەمەد حەسەن، لە ڕوونکردنەوەیەکیدا بۆ کەناڵێکی ناوخۆیی وڵاتەکەی ئاماژەی بەوە کرد کە تاوەکو ئێستا ژمارەی گیانلەدەستدانی تەقینەوە بەهێزەکەی بەندەری بەیروت گەیشتەووەتە ١٧٧ کەس و چارەنووسی ٣٠ کەس نادیارە.

حەمەد حەسەن ڕاشیگەیاند کە مەترسی ئەوە هەیە ژمارەی قوربانییەکانی تەقینەوەکەی ٤ی ئاب بگاتە ٢٠٠ کەس.

لە لایەکی دیکەوە سوپای لوبنان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی ئاشکراکرد کە لە دوای تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت لە بارەی میکانیزمی دابەشکردنی هاوکارییەکانەوە زانیاری دراوەتە دیپلۆماتکارە بیانییەکان. هەروەها باس لەوەش کراوە کە پێش دابەشکردنی هاوکارییە پزیشکییەکان زانیاری لە نەخۆشخانە و بنکەکانی تەندروستی وەردەگیرێت و کەموکوڕییەکانیان تۆماردەکرێت و هاوکارییە پزیشکییەکان لە ڕێی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی بەرگری لوبنانەوە دابەش دەکرێن.

لەبارەی دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکانیشەوە ئاماژە بەوەدراوە کە هاوکارییەکان بە هەماهەنگی نێوان سوپای ئەو وڵاتە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دابەش دەکرێن.

خستنەڕوی ئەم میکانیزمە لەلایەن سوپای لوبنان بۆ دیپلۆماتکارە بیانییەکان هاوکاتە لەگەل ئەو شەپۆلی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەی دژ بە گەندەڵی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و شەقامی لوبنان دروستبووە.

جێی ئاماژەیە لە دوای تەقینەوەکەی بەیروت ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان دەستیان بە ناردنی هاوکاری پزیشکی و مرۆیی بۆ ئەو وڵاتە کردووە، دوای ئەوەی لە رۆژی چوارشەممەوە بەندەری بەیروت بەشێوەیەکی سنوردار کارا کرایەوە چاوەڕێدەکرێت لەمەودوا بەشێکی هاوکارییە مرۆییەکان لە رێگەی دەریاییەوە بگەیەندرێنە ئەو وڵاتە.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın