Ahmet Furkan Mercan
13 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 13 نیسان 2021
ژاپۆن- AA
وێستگەی ئەتۆمی فوکوشیما دایچی لە ساڵی ٢٠١١ زیانی بەرکەوت، حکوومەتی ژاپۆن بڕیاریدا ئەو ئاوەی لە وێستگەکەدا پاشماوەی ئەتۆمی تێکەڵبووە، بڕێژێتە ناو دەریا.
کابینەی حکوومەتی ژاپۆن بەسەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران یۆشیهیدی سوگا کۆبوونەوەیەکی بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی ئەو ئاوە ئەنجامدا کە لە وێستگەی ئەتۆمی فوکوشیما پاشماوەی ئەتۆمی تێکەڵبووە.
یۆشیهیدی سوگا لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند "رزگاربوون لەو ئاوەی بەهۆی زیان کەوتن لە وێستگەی ئەتۆمی فوکوشیما دایچی پاشماوەی ئەتۆمی تیادا کۆبووەتەوە، کارێکی پێویستە. بۆ رێگریکردن لە هەر زیانێک لە چوارچێوەی ستانداردە ئەمنییەکاندا پلانی گرتنەبەری رێوشوێنی فراوان و توندوتۆڵ جێبەجێ دەکرێت".
سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، ئەوەی ئاشکرا کرد کە بڕیاریانداوە ئەو ئاوە بڕێژنە دەریاوە و قۆناغی ئەنجامدانی ئەم کارەش لەژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بەڕێوەدەچێت.
یۆشیهیدی سوگا لە وەڵامی ئەو رەخنانەی لە بەرامبەر فڕێدانی پاشماوەی ئەتۆمی بۆناو دەریا رووبەڕووی بووەتەوە گوتی: "لەپاڵ ئەو شوێنانەی ناوچەی فوکوشیما کە بەهۆی رووداوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، نیگەرانییەکانی تایبەت بە پیشەسازی پشتبەستوو بە راوکردنی ماسی لەبەرچاودەگرین. یەکەکانی حکوومەت بۆ رەواندنەوەی ئەم نیگەرانیانە پێکەوە کار دەکەن. داوا لە هاووڵاتییانمان دەکەین تێگەیشتنیان بۆ رەوشەکە هەبێت".
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی "کیۆدۆ"ی ژاپۆنی بەتاڵکردنی ئاوەکە دوو ساڵ دەخایەنێت.