Ahmet Furkan Mercan
14 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 14 شوبات 2021
تۆکیۆ - AA
ئەو بوومەلەرزەیەی دوێنێ شەو بە گوڕی ٧،٣ پلە پارێزگای فووکووشیمای باکووری رۆژھەڵاتی ژاپۆنی ھەژاند، برینداربوونی ١٥٠ کەسی لێکەوتەوە.
لەو راگهیهنراوێكدا کە لەلایهن ئاژانسی کەش و ھەوای ژاپۆن بڵاوکراوەتەوە، دوێنی کاتژمێر ٢٣:٠٧ بە کاتی ناوخۆ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧،٣ پلە و لە قووڵایی ٦٠ کیلۆمەتر کەناراوەکانی فووکووشیمای ھەژاندووە.
راگهیهنراوهكه ئاماژەی بەوەکردووه، بەهۆى ئەو شەپۆلەی لە کەناراوەکانی فووکووشیما روویداوە، مەترسی روودانی تسونامی راگەیەنراوە.
لە ناوچەکانی میاگی، ئیواتا، ئاکیتا، گونما، سایتاما، ئاومۆری و تۆکیۆی پایتەخت ھەست بە بوومەلەرزەکە کراوه.
بە گوێرەى هەواڵى ئاژانسى كيۆدۆ، لە ناوچەكە زياتر لە ١٥٠ كەس بەهۆى بوومەلەرزەكەوە برينداربوون.
هاوكات كۆمپانیای تۆکیۆ ئێلێکتریک پاوەر كه ناوەندی ئەتۆمی كارپێدهكات، ئاشكرایكرد ئاوی ناو حەوزى سووتەمەنی ئەتۆمی بەکارھێنراو لە ناوەندی دایی-چی لە فووکووشیما رژاوە بەڵام هیچ دزەکردنێک رووینەداوە.
لە دوای بوومەلەرزەکە ٣٦ پاشلەرزە روویانداوە کە دووانیان گوڕەکەیان پێنج پلە و زیاتر بووە و ١٦شیان چوار پلە زیاتر بووە.
لای خۆیەوە سەرۆکوەزیران سوگا یۆشیھاید، فهرمانی دا به ئەنجامدانی کارەکانی دیاریکردنی زیانەکان، گەڕان و رزگارکردن.
لەلایەکی دیکەوە سوگا یۆشیھاید، لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری بەڕێوەبردنی کارەساتەکان ھاچیرۆ ئۆکۆنۆگ، ئاماژهی بهوهكرد، ھیچ گیان لەدەستدانێک بههۆی بوومەلەرزەکەوه رووینەداوە و ھیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.