Bayram Altuğ
05 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 06 کانوونی یەکەم 2020
جنێڤ - AA
چوارەم گەڕی کۆبوونەوەکانی لیژنەی دەستووری سووریا کە رۆژی ٣٠ی تشرینی دووەم لە شاری جنێڤ-ی سویسرا دەستیپێکردبوو، کۆتاییهات.
لە کۆبوونەوەکەدا سێ شاندی ١٥ کەسی بەشداربوون کە بریتیبوون لە شاندی ئەسەد، شاندی ئۆپۆزسیۆن و شاندی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی.
لای خۆشیەوە نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پرسی سووریا، گەیر ئۆتۆ پێدەرسەن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە ماوەی پێنج رۆژی کۆبوونەوەکاندا لەبارەی زۆر بابەت گفتوگۆ کراوە و رایگەیاند "بێگومان زۆر جیاوازی بیروڕا هەیە. با ئەوەش دووبارە بکەینەوە کە ئێمە بۆ گوێگرتن لەم جیاوازییانە لیرەین. جیاوازی زۆر هەیە چونکە دوای نزیکەی ١٠ ساڵ لە پێکدادان هەستیاری و ئازاری زۆر هەن."
پێدەرسەن باسی لەوەش کرد کە لە پاڵ جیاوازییەکاندا لایەنەکان لەسەر هەندێک بابەت هاوڕابوون و گوتیشی: "گەڕی پێنجەمی کۆبوونەوەکان لە ٢٥-٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ ئەنجامدەدرێت".
پێدەرسەن لە درێژەی گوتەکانیدا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئەرکی کۆمیتەکە نووسینەوەی دەستوورێکی نوێیە بۆ سووریا، هیواشی خواست لە دوای کۆبوونەوەی ئایندە هەنگاوی جددی بندرێت بۆ دەستکردن بە نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ ئەو وڵاتە.