Behlül Çetinkaya,Nazlı Yüzbaşıoğlu,Fuat Kabakcı
06 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2022
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوە کرد کە زیادبوونی نەژادپەرستی و دژایەتیکردنی ئیسلام لە ئەورووپا مایەی نیگەرانییە و لەمبارەیەوە رایگەیاند "چاوەڕوانی ئەوە دەکەین کە رێکاری تەواو بۆ پاراستنی ئاسایشی مزگەوت و کۆمەڵەکانی رەوەندی تورکی و موسڵمانەکانی فەڕەنسا بگیرێتەبەر".
چاوشئۆغڵو، لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا فەڕەنسییەکەی، کاترین کۆلۆنا لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کۆبوونەوەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجامدا.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، باسی لەوە کرد کە لەگەڵ فەڕەنسا دوو وڵاتن کە پەیوەندیی مێژووییان لە بوارە سیاسی، ئابووری و کلتووری هەیە و رایگەیاند لەگەڵ هاوتا فەڕەنسییەکەی لەسەر بەردەوامیدان بە هەماهەنگی لە بەرامبەر پرسە ناوچەیی و جیهانییەکان هاوڕابوون.
چاوشئۆغڵو، ئەوەی خستەڕوو کە تاوتوێی پرسی ناوچەیی وەکو ئۆکراینایان کردووە و گوتیشی: "ئەوە روونە کە لەگەڵ فەڕەنسا لە هەموو بابەتەکاندا هاوڕا نین. دەکرێت لە هەر بابەتێکدا راوبۆچوونەکانمان وەکو یەک نەبێت بەڵام ئەمە رێگری لە دیالۆگ و پێکەوە کارکردنمان ناکات. ئەوەشمان بینی کە لە رێگەی دیالۆگەوە جیاوازی بیروبۆچوونەکانمان تێپەڕاند".
مەولود چاوشئۆغڵو، ئاماژەی بەوەش کرد کە لە کاتێکدا تورکەکانی فەڕەنسا پابەندبوونی بە رەگ و رەچەڵەکی خۆیان پاراستووە هیوادارن بە باشترین شێوە خۆیان لەگەڵ کۆمەڵگەی فەڕەنسی بگونجێنن و باسی لەوە کرد هەنگاوی ئاسانکاری و هاندان بۆ ئەم مەبەستە لەلایەن فەڕەنساوە زۆر گرنگە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، جەختی لەوە کردەوە کە لەو بڕوایەدایە فەڕەنسا پارێزگاری لەو پرسانە دەکات کە پەیوەندیان بە رەوەندی تورکییەوە هەیە و گوتی:
" زیادبوونی نەژادپەرستی و دژایەتیکردنی ئیسلام لە ئەورووپا مایەی نیگەرانییە، چاوەڕوانی ئەوە دەکەین کە رێکاری تەواو بۆ پاراستنی ئاسایشی مزگەوت و کۆمەڵەکانی رەوەندی تورکی و موسڵمانەکانی فەڕەنسا بگیرێتەبەر".