Dildar Baykan Atalay
27 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 28 شوبات 2022
واشنتۆن – AA
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، رایگەیاند رووسیا ٢٥٠ مووشەکی بالیستیی ئاراستەی ئۆکراینا کردووە کە زۆرینەیان مووشەکی کورت مەودان و لە ئێستادا لە سەدا ٥٠ی ئەو ھێزە سەربازییەی کە رووسیا لە سنووری ئۆکراینا کۆی کردووەتەوە، لەناو خاکی ئەو وڵاتەدان.
بەرپرسێکی باڵای پێنتاگۆن کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لە کۆبوونەوەیەکی ئۆنلایندا زانیاریی لەسەر دوایین پێشھاتەکانی ھێرشەکانی رووسیای بۆسەر ئۆکراینا بە رۆژنامەنووسان دا.
بەرپرسە باڵاکەی پێنتاگۆن، ئاماژەی بەوە کرد کە لە نزیکەوە چاودێری ھێرشەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا دەکەن و گوتی: "ئەوەمان بینی کە لەم بەیانییەوە ٢٥٠ مووشەک ئاراستەی ئۆکراینا کراوە کە زۆربەیان مووشەکی بالیستیی مەودا کورت بوو".
- ئەمریکا چەکی سووک و دژە تانک وەکو ھاوکاری دەداتە ئۆکراینا
بەرپرسەکە، ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن، دەسەڵاتی داوە بە وەزارەتی بەرگریی کە بە بڕی ٣٥٠ ملیۆن دۆلار ھاوکاری بەرگریی ئۆکراینا بکەن و گوتی: "دژە تانک، چەکی سووک و جبەخانە لە نێو ئەم ھاوکارییانەدا دەبێت".
- رووسەکان رووبەڕووی بەرەنگاربوونەوەی زیاتر بوونە لەوەی کە چاوەڕوانیان دەکرد
بەرپرسە باڵاکەی پێنتاگۆن سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە یەکە سەربازییە رووسییەکان بە بەراوورد لەگەڵ چاوەڕوانییەکانیان رووبەڕووی بەرەنگاربوونەوەیەکی قورستر بوونەتەوە و زۆرترین بەرەنگاربوونەوە لە ناوچەکانی باکوور بەردەوامە و گوتی: "لەم بەیانییەوە ھەواڵی کۆنتڕۆڵکردنی ھیچ شارێکمان لەلایەن سوپای رووسیاوە نەبیستووە. جگە لەوە لەو بڕوایەداین کە رووسەکان ھێشتا نەیانتوانیوە باڵادەستییان بەسەر ئاسماندا بسەپێنن".