Behlül Çetinkaya,Muhammet Ali Kemal
25 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2018
ئیسلام ئاباد- AA
لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە دەرەوەی ناوەندێکی دەنگدان لە شاری کوێتا رۆژئاوای پاکستان، ٣١ كهس کوژران.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە لە میدیای خۆجێیدا بڵاوکراونەتەوە، هێزەکانی پۆلیس رێگرییان لە خۆکوژێک کردووە کە ویستوویەتی بچێتە ناو خوێندنگەیەکەوە کە بنکەی دەنگدان بووە لە شاری کوێتا ناوەندی پارێزگای بەلۆچستان و لەبەرامبەردا، خۆکوژەکە خۆی تەقاندووەتەوە.
ئەو شوێنەی تەقینەوەکەی تیادا روویداوە هاووڵاتییان کە بە مەبەستی دەنگدان لە چاوەڕوانیدا بوون و مینی پاسێکی پۆلیس کە سەرگەرمی ئەنجامدانی دەورییە بووە، لێبووە. لە ئەنجامی هێرشەکەشدا ٣١ کەس کوژران و ٣٠ دیکەش برینداربوون.
بەڕێوەبەری ئاسایشی کوێتا، عەبدولرەزاق چییما لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەوانان، ئاماژەی بەوەکرد پێنج کەس لەوانەی کوژراون پۆلیسن و دووانیان منداڵن.
هاوکات رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکەی راگەیاند و لەو خوێندنگەیەش کە پەلامارە تیرۆریستییەکەی بۆسەر ئەنجامدرابوو، پرۆسەی دەنگدان راگیرا.
بە هۆی سەختی برینی ژمارەیەک لە بریندارەکان، پێشبینی بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوەکان دەکرێت.