Mustafa Deveci
18 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2020
قودس- AA
لە درێژەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان مەنامە و تەل ئەبیب، وەزیری دەرەوەی بەحرێن، عەبدوللەتیف بن راشد ئەززەیانی گەیشتە ئیسرائیل.
ئامانجی سەردانەکەی عەبدوللەتیف بن راشد ئەززەیانی بەشداریکردنە لە کۆبوونەوەی سێقۆڵی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و بەحرێن و ئەنجامدانی چەند کۆبوونەوەیەکی دیکەیە لەگەڵ بەرپرسانی تەل ئەبیب.
ئەمەش یەکەمجارە لە دوای واژووکردنی رێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان، بەرپرسێکی بەحرێن لەسەر ئاستی وەزیر سەردانی ئیسرائیل بکات.
عەبدوللەتیف بن راشد ئەززەیانی و شاندی یاوەری لە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، گابی ئاشکەنازی پێشوازیان لێکرا.
بڕیارە عەبدوللەتیف بن راشد ئەززەیانی و گابی ئاشکەنازی لە وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە قودسی رۆژئاوا کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن و دواتر شاندی بەحرێن چاویان بە سەرۆکی ئیسرائیل، رئوڤێن ریڤلین و سەرۆکوەزیران، بێنیامین ناتانیاهو بکەوێت.
پلان وایە دوای ئەم کۆبوونەوانە بە ئامادەیی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ کۆبوونەوەی سێقۆڵی ئەمریکا-ئیسرائیل-بەحرێن ئەنجامبدرێت و تیایدا ژمارەیەک رێککەوتننامە لەنێوان بەحرێن و ئیسرائیل واژوو بکرێن.
لە ١٥ی ئەیلوولی رابردوودا و لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە کۆشکی سپی، رێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەنێوان بەحرێن و ئیسرائیل واژووکرا.