Erbil Başay
28 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 29 تەمووز 2022
بەرلین- AA
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئانالێنا بێیەربۆک رایگەیاند کە تورکیا هاوبەشێکی گرنگە.
ئانالێنا بێیەربۆک بەرلە سەردانەکەی ئەمڕۆی بۆ یۆنان و سبەی بۆ تورکیا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە ئاماژەدان بەوەی کە یەکێتیی نێوان هاوپەیمانەکانی ناتۆ و هاوبەشە ئەورووپییەکان لەم ماوەیەی دواییدا لە هەموو کاتێک گرنگتر بووە، هەر لەبەر ئەمە بڕیاری داوە سەردانەکانی بۆ یۆنان و تورکیا لەئێستادا ئەنجام بدات.
ئانالێنا بێیەربۆک ئاماژەی بەوە داوە کە ئاسایشی دەریای ناوەڕاست یەکێک دەبێت لە بڕگە گرنگەکانی بەرنامەی کار لە میانی گفتوگۆکانی لەگەڵ تورکیادا و رایگەیاند "پەیامی ئێمە لێرەدا ئەوەیە 'کێشەکان لە رێگەی دانوستانەوە چارەسەر بکرێن نەک لە رێگەی گرژی و ئاڵۆزییەکانەوە'. تورکیا هاوبەشێکی گرنگە بۆ ئێمە و وڵاتێکە کە لە هەموو وڵاتێکی دیکە زیاتر پەیوەندی لەگەڵ ئێمەدا هەیە".
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئانالێنا بێیەربۆک لە راگەیەندراوەکەیدا هەروەها دەڵێت "لە میانی سەردانەکەمدا وەک هەمیشە بەڕوون و ئاشکرا لەگەڵ یەکتردا قسە دەکەین. دەربارەی نێوەندگیریی تورکیا گفتوگۆ دەکەین کە بووە هۆی بەرگرتن لە گەورەترین قەیرانی خۆراک لە دەریای رەشدا و گەڕانەوەی تروسکایی هیوا بۆ ملیۆنەها کەس، هەروەها سەبارەت بە پلاندانانی هاوبەش لە ناتۆ قسە دەکەین".
- سەردانی یۆنان
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئانالێنا بێیەربۆک رایگەیاندووە کە دەچێتە یۆنان و سەردانی یەکێک لە هاوبەشە نزیکەکانی دەکات لە ئەورووپا.
ئانالێنا بێیەربۆک ئاماژەی بەوە دا کە زۆرێک لە ئەڵمانەکان یۆنان بە شوێنێکی پشوودان دەزانن، بەڵام کەم کەس بە رەهەندی ئەو تاوانەی ئەڵمانیا ئاگادارە کە لە کاتی داگیرکاریی نازییەکان لە جەنگی جیهانیی دووەمدا لەوێ ئەنجامی داوە و رایگەیاند "گرنگە بۆ من کە ئەم یادەوەرییە بەزیندوویی بهێڵمەوە. ئەمە مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ داهاتوویەکی باش".
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئانالێنا بێیەربۆک هەروەها راشیگەیاند کە دەیەوێت لە سەردانەکەیدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکات کە وەکوو یەکێتیی ئەورووپا دەتوانرێت چی بکرێت بۆ ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو ئەرکەی یۆنان ئەنجامی داوە گەورەیە و شایەنی پشتیوانیکردنە.
بڕیار وابوو وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئانالێنا بێیەربۆک لە هەشت تا ١٠ی حوزەیران سەردانی یۆنان و توركیا بكات، بەڵام دوای ئەوەی پشكنینی كۆرۆنای پۆزەتیڤ دەرچوو، ئەو سەردانانەی دواخست.