Yusuf Özcan
13 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2021
پاریس - AA
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، جان ئیڤ لۆدریان و وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە، فلۆرێنس پارڵی لە شاری پاریس چاویان کەوت بە ھەریەکە لە وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ و وەزیری بەرگری رووسیا سێرگی شۆیگو.
دوای کۆبوونەوەکەش وەزیرانی دەرەوە و بەرگری فەڕەنسا، راگەیەندراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوەیان خستەڕوو کە پێش کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی لیبیا ئەو چوار وەزیرە لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی ھەماھەنگی ئەمنی رووسیا-فەڕەنسا پێکەوە کۆبوونەتەوە.
باس لەوەش کراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا قەیرانە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئاستی سیاسی و سەربازی تاووتوێ کراون. وەزیرە فەڕەنسییەکان ئەوەیان بە شاندی میوان راگەیاندووە کە بەکرێگرتنی سەرباز لەلایەن کۆمپانیای رووسی واگنەرەوە و جێگیر کردنیان لە ئەفریقا مایەی قبوڵ نییە.
ھەروەھا وەزیرانی فەڕەنسا نيگەرانی خۆیان لە خراپ بوونی رەوشی ئەمنی ئۆکراینا بە ھاوتا رووسییەکانیان راگەیاندوە و ھۆشدارییان داونەتێ لە ئەنجامدانی ھەر پێشێلکارییەک بەرامبەر یەک پارچەیی خاکی ئەو وڵاتە.
دەربارەی رەوشی پەنابەرانی سەر سنووری بێلاڕووس- پۆڵەندا، وەزیرەکانی فەڕەنسا رایانگەیاند: "ئەم کارەی بەرپرسانی بێلاڕووس بۆ بە ئامانج گرتنی زۆرێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا رەفتارێکی نابەرپرسانەیە و ئیدانەی دەکەین. دەمانەوێت رووسیا لەڕێی بەکارھێنانی پەیوەندییە نزیکەکانی وا لە بێلاڕووس بکات دەستبەرداری ئەم کارە ببێت".
ھەروەھا وەزیرەکانی فەڕەنسا باسیشیان لەوە کردوە کە گرنگە رووسیا رێگاکانی گفتوگۆ لەگەڵ ناتۆ و یەکێتی ئەورووپا بەکراوەیی بھێڵێتەوە و ئاماژەشیان بە زیادبوونی نیگەرانییەکان بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ لە رووسیا کردوە.