Cüneyt Karadağ
08 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2020
بەرلين - AA
وەزيرى دەرەوەى ئەڵمانيا، هايكۆ ماس دەربارەى ژەهراویكردنى سەركردەى ئۆپۆزسيۆنى رووسیا، ئالێكسى ناڤالنيى رایگەیاند، لەگەڵ يەكێتى ئەورووپا و رێكخراوى قەدەغەكردنى چەكى كيمياوى كۆدەبێتەوە بۆ دەركردنى وەڵامێكى هاوبەش لە دژى رووسيا.
هايكۆ ماس، لە گوتارێكيدا لە ئەنجوومەنى فيدراڵى رايگەياند، ژەهراویكردنى ئالێكسى ناڤالنيى بە ماددەى كيمياوى، ماناى پێشێلكردنى ياساى نێودەوڵەتى دەگەێنێت و گوتى، "نابێت ئەمە بەبێ ئەنجام تێپەڕێت. لەبەر ئەم هۆيە ئەگەر رووسيا ئەوەى لە دۆسيەى ناڤالنيى روويداوە روون نەكاتەوە و زانيارى نەدا، ئەوە سەپاندنى سزاى گونجاو بۆسەر بەرپرسانى رووسى شتێكى چاوەڕوانكراوە. لەو بڕوايەدا نيم كە رووسيا بيەوێت دۆخەكە بگەێنێتە ئەو ئاستە".
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، هايكۆ ماس باسى پێكدادانەكانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیای كرد و ئاماژەى بەوە كرد كە بەهۆى ئەوەى ئەڵمانيا نێوەندگيرى دەكات بۆيە دەبێت بە بێلايەنى هەڵسوكەوت بكات لە كێشەكەدا.