Utku Şimşek
30 کانوونی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 31 کانوونی دووەم 2025
ئەنقەرە - AA
ڕاوێژکاری پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئەدمیراڵ زەکی ئاکتورک ڕایگەیاند: "بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند و لەناوبەر دژ بە هەموو ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بەتایبەتی پەکەکە/پەیەدە/یەپەگە/هەسەدە و داعش کە هەڕەشە لە یەکپارچەیی ئیداری و جوگرافیای سووریا و ئاشتیی و ئارامی وڵات و ناوچەکەمان دەکەن. جارێکی دیکە ڕایدەگەیەنین کە ڕێگە بە پێکهاتەیەکی ڕێکخراوی تیرۆریستیی لە ناوچەکەدا نادەین و، بەردەوام دەبین لە هاریکاریی نزیک لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریادا بۆ زیادکردنی توانای بەرگریی و ئاسایشی سووریا و کارەکانی گەڕانەوەی ئاوارە سوورییەکان بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە وشکۆمەندانە".
ئەدمیراڵ زەکی ئاکتورک لە بینای وەزارەتەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ساز کرد و، تیایدا ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ هەموو یەکە و دامەزراوەکاندا سەرکەوتووانە بەردەوام دەبن لەسەر ئەرک و چالاکییەکانیان لە پێناو مانەوەی دەوڵەت و ئارامی و ئاسایشی گەل.
ئاکتورک باسی لەوە کرد کە لە پێناو ئاسایشی و سەقامگیریی وڵات و ناوچەکە سوپای تورکیا بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنە بەردەوام و گشتگیرەکانی بۆ لەناوبردنی هەڕەشەی تیرۆر لە سەرچاوەکەیدا.
گوتیشی: "لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە ناوخۆی وڵات و دەرەوەی سنوورەکان بە باکووری عێراق و سووریاوە ئەنجامدراون، ٥٧ تیرۆریست لە چالاکی خراون. بەوەیش ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی لەمساڵدا لەچالاکی خراون گەیشتووەتە ٢٧٨ تیرۆریست. هەر لە هەفتەی ڕابردوودا سێ تیرۆریستی پەکەکە خۆیان ڕادەست کرد. جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە تاکە ڕێگای دەربازبوونی تیرۆریستان خۆڕادەستکردنیانە بە دادپەروەری تورکیا. لە درێژەی هەڵمەتەکانی گەڕان و پشکنیندا لە ناوچەی چنگ-قفڵ لە باکووری عێراق ئەشکەوتێکی تیرۆریستان دۆزرایەوە کە چەندین بەشی هەبوو و ئەو شتانەشی لە ئەشکەوتەکەدا دەستیان بەسەرداگیرا لەناوبران".
هەروەها ئاکتورک باسی لەوە کرد کە بەشێوەیەکی چڕ و ورد ڕێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر بۆ پاراستنی سنوورەکان و، ڕایگەیاند: "لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا ٩٥ کەس دەستگیرکراون کە بەنیازبوون بە ڕێگەی نایاسایی سنوور ببەزێنن، لەوانەیش یەکێکیان ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆریستیی بووە. ڕێگریش لە ٨١٧ کەس گیراوە پێش ئەوەی سنوور ببەزێنن. بەو شێوەیەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە یەکی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا هەوڵیانداوە بە ڕێگەی نایاسایی سنووری وڵات ببەزێنن دەستگیرکراون گەیشتووەتە ٤١٥ کەس، ژمارەی ئەو کەسانەشی پێش بەزاندنی سنوور دەستگیرکراون گەیشتووەتە پێنج هەزار و ٩٤٧ کەس".
ئاکتورک ئەوەیشی خستەڕوو کە سووریا ماوەی ساڵانێکی زۆر لە ژێر گوشار و ستەمدا بووە و، هێشتا بەشێک لە خاکەکەی لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستییەوە داگیرکراوە و، ڕایگەیاند: "بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند و لەناوبەر دژ بە هەموو ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بەتایبەتی پەکەکە/پەیەدە/یەپەگە/هەسەدە و داعش کە هەڕەشە لە یەکپارچەیی ئیداری و جوگرافیای سووریا و ئاشتیی و ئارامی وڵات و ناوچەکەمان دەکەن. جارێکی دیکە ڕایدەگەیەنین کە ڕێگە بە پێکهاتەیەکی ڕێکخراوی تیرۆریستیی لە ناوچەکەدا نادەین و، بەردەوام دەبین لە هاریکاریی نزیک لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریادا بۆ زیادکردنی توانای بەرگریی و ئاسایشی سووریا و کارەکانی گەڕانەوەی ئاوارە سوورییەکان بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە وشکۆمەندانە".
هەروەها سەبارەت بە سەردانەكەی شاندی وەزارەتی بەرگریی توركیا بۆ سووریا رایگەیاند: "سەردانەکەی دوێنێی شاندی وەزارەتەکەمان بۆ سووریا لە ڕووی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دیمەشق گرنگ بوو و لە میانیدا بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییانەی کە ھەڕەشە لە ھەر دوو وڵات دەکەن لەگەڵ پرسەکانی ئاسایش و بەرگریی تاوتوێ کراون".