Utku Şimşek,Orhan Onur Gemici
29 شوبات 2024•نوێکردنەوە: 29 شوبات 2024
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، بڵاویکردەوە سەبارەت بە داواکاریمان بۆ دابینکردنی 40 فڕۆکەی نوێی F-16 Block-70 و نوێکردنەوەی 79ی فڕۆکەی دیکە و دابینکردنی تەقەمەنی بۆ ئەو فڕۆکانە و پێداویستی و ئامێر، نامەی قبوڵ لەئەمریکاوە گەیشتووەتە وەزارەتەکەمان.
ڕاوێژکاری پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئەدمیراڵ زەکی ئاکتورک، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا کە لە بینای وەزارەتەکە سازی کرد، ئاماژەی بەوە کرد کە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پێداگرانە درێژەی هەیە.
ئاکتورک ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا دژ بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان ئەنجامدراون بە باکووری عێراق و سووریاشەوە، 25 تیرۆریست لە چالاکی خراون. بەو شێوەیەش ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی لە یەکی کانوونی دووەمی مساڵەوە تا ئێستا لەچالاکی خراون گەیشتووەتە 483 تیرۆریست، لەوانەیش 193یان لە باکووری عێراق و 290یان لە باکووری سووریا بوون.
هەروەها ئاکتورک باسی لەوە کرد کە بەردەوامن لەسەر هەوڵەکانیان بۆئەوەی هەرچی زووە سەقامگیریی لە سووریا فەراهەم ببێت و دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی سوورییەکان بکەن بۆ زێدی خۆیان بە سەلامەتی.
ئاکتورک ئەوەیشی خستەڕوو لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا 101 کەس دەستگیرکراون کە بەنیازبوون بە ڕێگەی نایاسایی سنوور ببەزێنن، لەوانەیش چواریان ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆریستیی بوون، ڕێگرییش کراوە لە دوو هەزار و 384 کەس کە هەوڵیانداوە سنوور ببەزێنن و بێنە خاکی تورکیاوە.
ڕاشیگەیاند: ''بەم شێوەیە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە یەکی کانوونی دووەمی مساڵەوە تا ئێستا هەوڵیانداوە بە ڕێگەی نایاسایی سنووری وڵات ببەزێنن دەستگیرکراون گەیشتووەتە هەزار و 448 کەس. ژمارەی ئەوانەشی پێش بەزاندنی سنوور ڕێگرییان لێکراوە گەیشتووەتە 30هەزار و 15 کەس''.
ئەدمیراڵ زەکی ئاکتورک، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بە سەرۆکایەتی سەرکۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەنگاوی گشتگیر و گەورە هەڵنراوە و، بە هاوکاری بەرهەمەکانی پیشەسازی بەرگریی ناوخۆیی و نیشتمانیی، کاریگەر و توانای سوپای تورکیا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیاد بووندایە.
سەبارەت بە پرۆسەی دابینکردنی فڕۆکەی جەنگی F-16 Blok-70 Viper لەلایەن ئەمریکاوە، ئاکتورک ڕایگەیاند: "لە ژێر ڕۆشنایی پێویستییەکانی فەرماندەیی هێزەکانی ئاسمانییمان سەبارەت بە داواکاریمان بۆ دابینکردنی 40 فڕۆکەی نوێی F-16 Block-70 و نوێکردنەوەی 79ی فڕۆکەی F-16 و دابینکردنی تەقەمەنی بۆ ئەو فڕۆکانە و پێداویستی و ئامێر، نامەی قبوڵ لەئەمریکاوە گەیشتووەتە وەزارەتەکەمان. یەکە پەیوەندیدارەکانمان دەستیان کردووە بە بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی پێویست".