هەولێر / بەهمەن حەسەن
وڵاتانی ئەوروپا بەردەوامن لە ناردنی هاوکاری سەربازیی و مرۆیی بۆ هەرێـمی کوردستان. ئەم هاوکارییانە لە کاتێکدان وڵاتانی خۆرئاوا دەوڵەتی ئیسلامیی ناسراو بە (داعش) وەک هەڕەشەیەک بۆسەر ئاسایشی جیهان دەبینن. هاوکات ئەم هاوکارییانە لە کاتێکدا دێن سەدان هاوڵاتی بە رەگەز ئەوروپی و ئەمریکی لە ریزەکانی داعشدا لە بەرەکانی سوریا و عێراق دەجەنگن.
سەرباری هاوکارییەکان و هەوڵەکان بۆ رێگری لە زیادبوونی چالاکییەکانی داعش، گفتوگۆیەکی گەرم لە ناوەندە سیاسی و ئەکادیمییەکاندا هەیە لەبارەی ئەو دۆخە لە ناکاوە نائاساییەی عێراق و هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێ. هاوشێوەی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان، لە چەندین وڵاتی دیکەوە پرسیار و گومان لەسەر ئەو رووداوانە دادەنرێ کە ئەم هەرێمەی پێدا تێپەڕ دەبێ.
زۆرێک بە گومانەوە دەڕوانن و پرسیار لەسەر جۆری ئەو هاوکاری و پەیوەندییە دەردەبڕن لە نێوان کورد و ئەمریکادا هەیە، بۆ ئەمەش دەپرسن بۆچی ئەمریکا لە سەرەداوی رووداوەکاندا نەهاتە دەنگ بەڵام کاتێک دەوڵەتی ئیسلامیی ئاڕاستەی هیرشەکانی گۆڕی بۆسەر هەولێر، ئەمریکا هاوکاری سەربازیی پێشکەش کرد و باراک ئۆباما رایگەیاند، کە هەرێمی کوردستان دەبێ پارێزگای لێبکرێ. لە درێژەی ئەم پرسەدا، چاودێران باس لە هەنگاوەکانی دواتری ئەمریکا و ئەو رەخنانە دەکەن ئاڕاستەی ئیدارەی ئۆباما دەکرێن، هاوکات پرسیار لە ئەگەرەکانی بەردەم داعش و گواستەوەی هێرشەکانی دەکرێ بۆ وڵاتانی رۆژئاوا.
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە و تیشک خستنەسەر ئەگەرەکانی هێرشی داعش بۆ سەر ئەوروپا، ئەمریکا و گۆڕانی پەیوەندییەکانی کورد و ئەمریکا، ئاژانسی ئانادۆڵۆ دیمانەیەکی تایبەتی لەگەڵ نووسەر و تقێژەری چالاکییە "تیرۆریستییەکان" بریجێت گایبریەڵ سازکرد.
بریجێت گایبریەڵ دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری گروپی "ئاکت فۆر ئەمریکا"یە کە زیاتر لە ٢٧٩ هەزار ئەندامی هەیە و مەبەستی فشارخسنتەسەر دەسەڵات داڕێژەرانی ئەمریکایە لە پێناو پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا.
هاوکات بریجێت لێکۆڵەری بواری "تیرۆر" و شیکاری چالاکییە "تیرۆریستییەکانە" و نووسەری دوو پڕ فرۆشترین کتێبی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزە بە ناونیشانەکانی: "لەبەرئەوەی رقیان هەیە" و "رزگاربوویەکی تیرۆری ئیسلامیی هۆشداری دەداتە ئەمریکا و دەبێ بووەستێندرێن."
بریجێت لەبارەی گۆڕانکارییەکانی عێراق و بۆچوونی شەقامی ئەمریکییەوە ئاماژە بە دابەشبوون دەکا و باس لەو دەکا کە بەشێک لەوەی ئێستا روو دەدا هەڵەی ئەمریکا بووە و لەوبارەیەوە دەڵێ: "زۆر بە راشکاوی، بۆ ماوەیەکی درێژە رای گشتیی ئەمریکا لەبەرامبەر عێراقدا دابەش بووە. لایەنگرە سەرسەختەکانی ئۆباما پشتیوانی لە بڕیارەکانی ئیدارەی ئەمریکا دەکەن بەرامبەر عێراق، بە بڕوای من بڕیار و سیاسەتەکانی ئۆباما عێراقی خستە بەر مەترسی و بووە هۆی ئەوەی دۆخی عێراق بەو شێوەیە و زۆر بە خێرایی لێک بترازێ و هەڕەشەیەکی دیکە بۆ سەر جیهان دروست بێ."
بریجێت گایبریەڵ پێچەوانەی زۆرێک لە چاودێران پێیوانییە ئەمریکا لەبەر مەترسییەکانی سەر کورد هاتووەتە دەنگ، بەڵکو هۆکاری ناردنی هێزی سەربازیی ئەمریکا بۆ هاوکاری کورد لەوەوە هاتووە کە چیتر نەدەکرا دەنگوباسی کوشتارەکانی داعش بشاردرێنەوە و ئەگەری کارەساتێکی مرۆیی لە ئارادابوو، بریجێت دەڵێ: "من پیموانییە ئەمریکا هەنگاوی هەڵنا لەبەر ئەوەی ناوچە کوردییەکان کەوتنە بەر هەڕەشەی داعش، بەڵکو پێموایە لەبەرئەوە بوو کار و چالاکییەکانی داعش خەریک بوو وردە وردە ئاشكرا دەبوون و ئەگەری کارەساتێکی مرۆیی لە ئارادا بوو."
لە درێژەی قسەکانیدا، بریجێت گایبریەڵ رەخنە لە ئیدارەی ئۆباما دەگرێ و بەشێک لە هەنگاوەکانی بە هەڵە دەزانێ و دەڵێ: "هیچ کات ستراتیژێکی باش نییە پلانەکانت بۆ دوژمنەکانت ئاشکرا بکەی، بە بڕوای من سەرۆک ئۆباما هەڵەیەکی زۆر گەورەی کرد کاتێک رایگەیاند پلانەکەی بەرامبەر داعش چی تیادا نابێ. ئەمریکا دەبێ بە هەموو شێوەیەک رووبەڕووی داعش بووەستێتەوە بێ کەم و زیاد، هەرچەندە پێموانییە ئەمە هەمان ئەو شتە بێ کە سەرۆک ئۆباما بیری لێدەکاتەوە."
بریجێت باس لە مەترسییەکانی داعش دەکا و بە ئاشکرا لە ناوەندە میدیاییە جیاوازەکانی ئەمریکادا نیگەرانی خۆی پیشان دەدا و باس لە زیادبوونی ژمارەی هاوڵاتییە ئەمریکییەکانی ناو ریزەکانی داعش دەکا و رایدەگەنێ: "من لە بەرامبەر ئامادەیی داعش لە ئەمریکادا نیگەرانم، چەند راپۆرتێک لە بەردەستدان ئاماژە بە هەبوونی ٣٠٠ هاوڵاتی ئەمریکی دەکەن لە ریزەکانی داعشدا، لە هەمان کاتدا چەند راپۆرێکی دیکە هەن ئاماژە بە گەڕانەوەی دەیان کەس لەو چەکدارانە دەکەن لە جیهادەوە بۆ ناو خاکی ئەمریکا، دوای شەڕکردن و جیهاد بۆ داعش. لە ئێستدا کە من وەڵامی ئەم پرسیارانەی ئێوە دەدەمەوە، دەنگۆی ئەوە هەیە سەرەتاکانی داعش لە باشووری ئەمریکاوە دەرکەوتوون."
هاوشێوەی بۆچوونەکانی پێشووتری، بریجێت گایبریەڵی نووسەری ئەمریکی باس لە فراوانتربوونی بنکەی جەماوەری و پشتیوانی داعش دەکا و ئاماژە بەوەشدەکا کە لەناو ئیدارەی ئەمریکادا جۆرێک لە هەڵە خوێندنەوە هەیە لە بەرامبەر مەترسی داعش و راستی تواناکانی ئەو گروپە، بریجێت لەوبارەیەوە بە درێژی بەرگری لە تێڕوانینەکەی خۆی دەکا و دەڵێ: "بەداخەوەم و کۆمەڵێک هۆکارم هەیە کە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن راوێژکار و دەستەی ئاسایشی نزیک سەرۆک ئۆباما، داعش وەک هەڕەشەیەکی راستەقینە بۆسەر جیهان نابینن، پێموایە ئەوانە بە تەواوەتی بەهەڵەداچوون و داعش هەڕەشەیە بۆسەر جیهان، داعش لە تەواوی جیهانەوە لە ئەوروپا، ئاسیا و ئەفریقاوە جیهادییەکانی لە دەوری خۆی کۆکردووەتەوە. لە ماوەی رابردوودا خۆپیشاندان و پشتیوانی لە هۆڵەندا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و نەمسا بەڕێوەچوون، لەسەر ئاستی ئەمریکاشدا ئاماژە هەن بۆ بوونی لایەنگرانی داعش. لەم دواییانەشدا گروپی بۆکۆ حەرام لە نایجیریاوە پشتیوانی بۆ دەولەتی ئیسلامیی پیشاندا، ئەمە هاوشێوەی دانپێدانانی ئەلقاعیدە بە داعشدا لە تەواوی دورگەی عەرەبیدا، هاوکات گروپی ئەبو سەیاف لە فلیپینەوە پشتیوانییان بۆ داعش پیشاندا. لێرەشەوە دەردەکەوێ هەڕەشەی داعش، هەڕەشەیەکی جیهانییە، کار و هێرشە هاوشێوەکانی بازاڕەکەی نایرۆبی کینیا بەردەوام چاوڕوان کراوە و نابێ تیرۆری ئەم گروپە بە کەم وەربگیرێ."
هەر لە پرسی تیرۆردا، بەڵام لەبارەی ئەو هێزە کوردییانەی لە لایەن وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکاوە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە، ئاژانسی ئانادۆڵۆ پرسیاری ئاڕاستەی بریجێت گایبریەڵ کرد.
بە بڕوای ئەم نووسەرە ئەمریکییە، چاوڕەوان ناکرێ ئەو گروپە کوردییانە، وەک پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئایندەیەکی نزیکدا ببنە جێی بایەخی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا ناچار بکەن لە لیستی تیرۆر دەریان بکەن، هۆکاری دووری ئەم گۆڕانەش دەگەڕێنێتەوە بۆ "بێ ئاگایی" سیاسەت داڕێژەرانی ئەو وڵاتانە. لەوبارەیەوە بریجێت روونکردنەوە دەدا و دەڵێ: "بە راشکاوی، پێموایە کێشەی پەکەکە و جوڵانەوەی کورد بە شێوەیەکی گشتیی بێ ئاگایی یاخود نەخوێندوارییە، ژمارەیەکی زۆر یاخود زۆرینەیەکی بەرچاوی سیاسەت داڕێژەرانی ئەمریکا بێ ئاگان لە هەبوون و کێشەی کورد و لە دوور و نزیکیشەوە ئاگایان لە ئامانج و فەلسەفەی کورد نییە."