Ramal Mahmood
30 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 31 ئاب 2016
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، فرانک ڤاڵتەر شتاینمایەر رایگەیاند کە هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی (فەتۆ)، هەوڵێکی جددی بووە بۆ ئەنجامدانی کودەتا.
فرانک ڤاڵتەر شتاینمایەر لە بەرنامەی "Farbe bekennen"ی کەناڵ یەکی تەلەڤیزیۆنی ئەڵمانیا ARD بەشداری کرد و ئەوەی خستەڕوو کە هەوڵی کودەتاکەی رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی هەڕەشەی جدی لەسەر تورکیا دروستکرد و بەتوندترین شێوە هەوڵی کودەتاکەی ئیدانە کرد و پشتگیری خۆیشی بۆ زیانلێکەوتووان دەربڕی و گوتی: "بەڕای من سیناریۆیەکی ئامادەکراو نەبوو، بەڕاستی هەوڵێکی جدی بوو بۆ ئەنجامدانی کودەتا. هەر کەسێک سەیری گرتە ڤیدیۆکانی ئەو شەوە بکات، بۆی دەردەکەوێت کە چۆن تەقە لە سوپای تورکیا و هاووڵاتییان دەکەن".
لەوەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا بەهۆی ئەم رووداوەوە سەردانی تورکیا دەکات، فرانک ڤاڵتەر شتاینمایەر گوتی: " لەوانەیە پێویستبووایە بچم. بەڵام رووداوەکان بە پەلە روویاندا. پەیوەندیم بە وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد. لەگۆشەنیگای تورکیاوە لە دوای هەوڵی کودەتاکە تەنها رەخنە و تێبینمان لەسەر چۆنێتی گرتبەری رێوشوێنی پێویست بوو لەسەر گومانلێکراوان و ئەویش لەوە تێگەیشت. بە پێویستی دەزانم ئێمەیش لەهەماهەنگیدا بین لە بابەتی ئەوانەی هێرشیان کراوەتە سەر".
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەبارەی رێگەنەدان بە پەرلەمانتارانی وڵاتەکەی سەردانی بنکەی سەربازی ئینجەرلیک بکەن بەپێویستیزانی کە رێگە درابووایە پەرلەمانتارانانی ئەڵمانیا سەردانی بنکەی ئینجەرلیک بکەن و تورکیا وریایانە مامەڵە بکات و هەڵوێستێکی بەرپرسانەی هەبێت. ئاماژەی بەوەیشدا کە وەک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەهەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ رازیکردنی گەورە بەرپرسانی تورکیا تاکو رێگە بدەن پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا سەردانی بنکەی ئینجەرلیک بکەن.
لە وەڵامی پرسیاری "ئێوە کە لە پشوودابوون، وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا و دەزگای هەواڵگری دەرەوەی ئەڵمانیا، تورکیای بە یەکێک لەو وڵاتانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پۆلین کردبوو کە بوونەتە شوێنی گرووپە ئیسلامییە توندئاژۆکان؟" گوتی: "بۆ تۆمەتبارکردن پێویستە بەڵگەی سەلمێنەرت لەبەردەستدا بێت و بۆ رای گشتیی بخەیتە روو. من لەم بارەیەوە بەڵگەیەکم نەدیووە و لە هەڵسەنگاندنەکانم بۆ رای گشتیی بە وریایی مامەڵە دەکەم".
شتاینمایەر ئاماژەی بەمەدا کە تورکیا لایەنێکی سەرەکییە لە پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشەی سووریا و گوتی: "بمانەوێت و نەمانەوێت بۆ گەیشتن بە چارەسەری سیاسیی کێشەی سووریا و هێنانە سەررێگا و میانڕەوکردنی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، پێویستیمان بە تورکیا هەیە".