Abdullah Shukur
22 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 28 نیسان 2017
بەرلین - AA
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، زیگمار گابریل دژایەتی خۆی لەبەرامبەر راگرتنی دانوستانەکانی ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتی ئەورووپا راگەیاند و ئاماژەی بەوەش دا کە لە داھاتوودا دەیانەوێت ژمارەیەکی زۆری پرسی جیاواز لەگەڵ تورکیا تاوتوێ بکەن.
گابریل لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی راینشە پۆست لەبارەی پرسیارێکی رۆژنامەنووسەکە پەیوەندیدار بە ئەگەری راگرتنی دانوستانەکانی ئەندامێتی تورکیا لەلایەن یەکێتی ئەورووپاوە لە دوای گشتپرسی گۆڕانکاری دەستووری تورکیا گوتی: " داخستنی گشت پرسەکان بە بڕیارێکی خێرا، وا دەکات نەتوانین ھیچ ھەنگاوێک بەرەو داھاتوو بھاوێژین. ھەمیشە رۆژەڤێک ھەیە کە باسی لێوە بکەین، بابەتەکانی سووریا و یەکێتی ئەورووپا و چەندین پرسی دیکە ھەیە کە دەبێت لەگەڵ تورکیا تاوتوێی لەسەر بکەین".
زیگمار گابریل راشیگەیاند کە لەبارەی ھەڵوێستی لایەنەکانی یەکێتی ئەورووپا و تورکیا لە بەرامبەر یەکتری، پێویستە راوێژ بکرێت. گوتیشی: "بابەتی دوورکەوتنەوەی تورکیا یان دوور نەکەوتنەوی لە یەکێتی ئەورووپا، بڕیاری تورکیایە. ئێمە نیگەرانی خۆمان لەبارەی پێشھاتەکانی ئەم چەند مانگەی دوایی لە تورکیا ناشارینەوە. ئەوەی کە لە تورکیا روودەدات، دەستگیرکردنی پەرلەمانتاران، رۆژنامەنووسان و کەسانی ئۆپۆزسیۆن بە ھیچ شێوەەیک لەگەڵ ستاندارتی دیموکراتی ناگونجێت".
گابریل ئەوەشی خستەڕوو کە تورکیا خاوەنی کۆمەڵگایەکی سڤیلی دیموکرات و بەھێزە. لەمبارەیەوە زیاتر گوتیشی: "لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو ئەوانەی وەک من زۆر سەردانی تورکیا دەکەن، بە سەیرەوە دەڕواننە ئەو پێشکەوتنەی تورکیا، بۆیە گەلی تورکیا پێویستی بە پێشنیار و گوێڕایەلی ئێمە نییە، بەڵام لەوانەیە پێویستی بە ھاوکاری بەرجەستە ھەبێت".
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەبارەی پرۆگرامی گۆرٍانکاری رۆژنامەنووسان و پشتیوانی لە میدیا و رۆژنامەنووسی سەربەخۆ، ئاشکرای کرد کە پڕۆژەیەکی نوێ دەخەنە بواری جێبەجێ کردنەوە، لەم چوارچێوەیەشدا پشتیوانی ماددی پێشکەش بە پرۆگرامەکانی گۆڕانکاری توێژی لاوان دەکەن.