Ramal Abdullah Mahmood
22 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 23 نیسان 2017
لە ئاکامی هێرشی ئاسمانی هێزەکانی رژێمی بەشار ئەسەد بۆسەر شارەدێی دارعیزە سەربە پارێزگای حەلەب کە لەژێر دەستی ئۆپۆزسیۆنە، چوار هاووڵاتیی سڤیل گیانیان لەدەست دا و ٢٥ دیکەش بریندار بوون.
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی شارۆچکەکە، حمود حمود بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، نزیکەی دوو کاتژمێر لەمەوبەر فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی سووریا ١١ جار یەک لەدوای یەک هێرشیان کردووەتە سەر شارەدێکە.
گوتی: "بەمهۆیەوە سێ منداڵی کچ و ژنێک کە هەموویان ئەندامی خێزانێکن گیانیان لەدەست دا. لە دارعیزە چەکدارانی لێ نییە و تەنها ناوچەیەکی نیشتەجێبوونە".
بریندارانیش گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە گەڕۆکەکان.
محەمەد یەحیا کە کارمەندە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکان، لە تۆماریکی دەنگیدا کە بۆ ماڵپەڕەکانی ئینتەرنێتی ناردووە، ئاماژەی بەوە داوە کە دەستیان کردووە بە چارەسەرکردنی زیاتر لە ٢٥ بریندار کە زۆربەیان ژن و منداڵن.