Hemin Hüseyin
07 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2017
هەولێر-AA
لە ھەولێر، منداڵێکی تەمەن ھەشت ساڵ لە لایەن دایکی خۆیەوە ئەشکەنجە دەدرێت و ماوەی دوو مانگیش هیچ ژەمە خواردنێکی پێ نادرێت بە جۆرێک ئەم منداڵە لە کاتی پێزانینیدا کێشی تەنها نۆ کیلۆگرام ماوەتەوە و بە هۆی ئەشکەنجە و ئازاردانیشییەوە، شەکرەی بەرزبووەتەوە.
خێزانەکە دانیشتووی گەڕەکی سەفین-ە لە شاری هەولێر، دایکەکە دوای ئەوەی لە مێردەکەی جیا دەبێتەوە، چوار منداڵی هەیە و شوو بە پیاوێکی دیکە دەکات و بەم هۆیەوەشەوە دایکەکە سێ کوڕەکەی لەگەڵ خۆی دەبات بۆ ماڵی مێردەکەی دووەمی و کچەکەیشی لە لای باوکەکە بەجێدەهێڵێت.
یوسف سەباح منداڵی بچووکی خێزانەکەیە کە تەمەنی هەشت ساڵە، خاوەن زڕ باوکێک و دایکی خۆیەتی، دوێنێ هەواڵدەرێک هەواڵی بەندکردن و ئەشکەنجەدانی یوسفی تەمەن هەشت ساڵەی لە لایەن دایکییەوە دەگەیەنێتە پۆلیس و دوای فەرمانی دادوەر دەتوانن منداڵەکە لە لێواری مەرگ رزگار بکەن و دایکەکەش دەستگیر بکەن.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، محەمەد هاودیانی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە رێگای هاووڵاتییانەوە کە ئاگاداری بنکەی پۆلیسی قەڵایان کردبووە و ئەوانیش ئاگاداری ئێمەیان کردەوە، من راستەوخۆ چووم بۆ نەخۆشخانەی منداڵانی راپەڕین و چاودێری منداڵەکەمان کرد و ئێستا لە ژێر چاودێری پزیشکیدایە و فەرمانبەرانی ئێمەش لەوێن تا دوای دەرچوونی لە نەخۆشخانە بۆ ئەوەی بیگوازینەوە بۆ خانەکانی خۆمان و لەوێ گرنگی زیاتری پێ دەدەین".
لەبارەی چارەنووسی دایک و زڕباوکی منداڵەکە، محەمەد هاودیانی گوتی: "دایکی لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، بەڵام زڕ باوکەکە لەگەڵ برایەکی منداڵەکە رایانکردووە، ئێمە بەردەوام بەدواداچوونمان بۆ ئەو حاڵەتانە کردووە و هێڵێکی پەیوەندی بەخۆڕاییمان کردووەتەوە کە ژمارەکەی ١١٦-ە و هەر منداڵێک یان هەر کەسێک، حاڵەتێکی توندوتیژی بینی دەتوانێت پەیوەندیمان پێوە بکات".
منداڵەکە لە نەخۆشخانەی منداڵانەوە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی و لە میانی چوونمان بۆ هۆڵی نەخۆشخانەکە، باوکە راستەقینەکەی خۆیشی سەردانی منداڵەکە ئەشکەنجەدراوەکەی کرد کە وەک خۆی دەڵێت ماوەی سێ مانگە بە هۆی جیابوونەوەی لە دایکی منداڵەکە، هیچ هەواڵێکی منداڵەکەی نەزانیووە.
منداڵەکە شوێنی ئەشکەنجە لەسەر جەستەی دیارە و کێشی تەواو کەم بووەتەوە و توانای رۆیشتنی نەماوە، بە گوتەی کارمەندانی ئەو نەخۆشخانەیەش بە هۆی ترسەوە رێژەی گلوکۆز لە خوێندا کە پێی دەڵێن شەکرە گەیشتووەتە ٤٠٠، بەڵام لە ئێستادا حاڵەتی تەندروستی بەرەو باشتر دەچێت.
سەباح سەلیم، باوکی راستەقینەی منداڵەکە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو منداڵە پێشتر لە لای من بوو، بەڵام پێش سێ مانگ گوتی دەچمەوە لای دایکم و من ئاگام لێی نەما، هەتا لەکاتی دادگاییکردنمان لەگەڵ دایکی ئەو منداڵە بۆ بابەتی جیابوونەوەمان، ئەوان منداڵەکەیان لەگەڵ خۆیان نەهێنابوو لە ماڵەوە بەجێیان هێشتبوو، بۆیە داواکارم کە دادگا بەکاری خۆی هەستێت".
دۆسیەکەی یوسف سەباح سەلیم تەمەن هەشت ساڵ لە بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژ بە ئافرەتانە و وەک گوتەبێژی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ئاماژەی پێ دەکات، دایکی یوسف بە پێی ماددەی حەوتی خێزانی دەستگیرکراوە و لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، نەقیب رێباز زێوەر مستەفا لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو ژنە چوار منداڵی هەبووە، بەڵام کاتێک لە مێردەکەی جیابووەتەوە و سێ لە منداڵەکانی کە کوڕن لەگەڵ خۆی بردووە و کچەکەیشی بەجێهێشتووە، یوسف سەباح منداڵەکەی بچووکەکەیەتی کە دوو مانگە لە ژوورەوەی کردووە و ئازاری داوە و هیچ خواردنێکی پێ نەداوە، خۆشبەختانە هەواڵدەرێک بە بابەتەکەی زانیووە و ئاگاداری پۆلیسی کردووەتەوە و بە فەرمانی دادوەر منداڵەکە رزگارکراوە و ژنەکەش بەپێی ماددەی حەوتی خێزانی دەستگیرکراوە و لە ئێستادا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت".