Emre Gürkan Abay,Ali Cura,Dmitri Chirciu
27 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 28 ئاب 2019
مۆسکۆ-AA
سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتین رایگەیاند کە ئەوان لە هەستیارییەکانی تورکیا تێدەگەن بۆ ئاسایشی سنوورەکانیان و گووتی: "دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لە سنووری باشووری تورکیا، هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ یەکپارچەیی خاکی سووریا".
دوای کۆبوونەوەی دوو قۆڵی هەریەک لە سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتین، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەش رێکخرا.
پوتین ئاماژەی بە لەنزیکەوە هاریکاریی تورکیا و رووسیا کرد لەبواری وزەدا و رایگەیاند بنیاتنانی هێڵی بۆری گازی سروشتی تەوژمی تورکی و ناوەندی هێزی ئەتۆمی ئاککویو بەردەوامی هەیە.
پوتین رایگەیاند لەهەردوو پرۆژەکەدا تەکنەلۆژیای بەرز بەکارهاتووە تێیدا کە دۆستی ژینگەن و هەریەک لەو پرۆژانەی بە هەنگاوێکی گرنگ وەسف کرد بۆ زیاد کردنی ئاسایشی وزەی ئەورووپا و ناوچەکەش.
سەرۆکی رووسیا ئاشکرای کرد کە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ تورکیا لەبواری ئابووری و بازرگانیەوە بەردەوامیی پێ دەدەن و قەبارەی بازرگانیان لەگەڵ تورکیا لەچاو ساڵی پاردا بەرێژەی لەسەدا ١٦ زیادی کردووە و گەیشتۆتە ٢٥.٥ ملیار دۆلار، هاوکات وەبەرهێنانی دوو لایەنەنە گەیشتۆتە ٢٠ ملیار دۆلار.
- پێشهاتەکانی سووریا
پوتین ئاماژەی بەوەدا کە لەگەڵ ئەردۆغاندا تاوتوێی دۆخی ئیدلب-ی سووریایان کردووە و گوتی، "رووسیا و تورکیا بەردەوامن لەکارەکانیان بۆ چارەسەری قەیرانی سووریا لەسەر شێوازی پرۆسەی ئاستانا بەبەشداری ئێران. لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا لەبارەی لەناوبردنی تیرۆریستانی ئیدلب و ئەنجامدانی کاری پێویست رێککەوتین. زۆر نیگەرانین لە دۆخی ئیدلب، لەگەڵ تورکیا بۆ لەناوبردنی تیرۆریستان چوارجێوەی رێوشوێنە زیادەکانمان دیاری کردن".
پوتین ئاماژەی بەوەدا کە لە سەر ئیدلب-ەوە هێرش دەکرێتە سەر بنکەی سەربازی رووسی و گوتی، "لە ئیدلب-ەوە هێرش بۆسەر هێزەکانی حکوومەتی سووریا بەردەوامی هەیە. هەڕەشە دەکەنە سەر بنکە سەربازییەکانی رووس، هێرشی دەکەنە سەر. ئەوێ بۆتە پەناگەیەک بۆ چەکدارانی ناوچەکە، بۆتە لانەیەک بۆیان. بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەوێ، کە ئایا چی بکەین، رێککەوتین. ئەوەی گرنگە سەروەری و سەربەخۆیی سووریا و یەکپارچەیی خاکەکەی و وابەستەییە بە بنەماکانی ئەو وڵاتەوە".
پوتین رایگەیاند کە ئەوان لە هەستیارییەکانی تورکیا لەبەرامبەر سنوورەکانیان تێدەگەن و گوتی، "باری تورکیا لەهەمبەر پەنابەراندا گرانە. ئێمە باش ئەوە دەزانین. دەبێت ئاسایشی سنوورەکان بپارێزرێت. بەرژەوەندییە رهواکانی تورکیا ئەمە دەخوازێت. پێکهێنانی ناوچەی ئارام لە سنووری باشووری تورکیا هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ یەکپارچەیی خاکی سووریا. لەو چوارچێوەیەدا پشتگیری تەواوی هەنگاوەکان دەکەین بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لەو ناوچەیەدا".