Hemin Hüseyin
05 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 06 ئاب 2017
هەولێر - AA
کارگێڕی ئەنجوومەنی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، سەمیر سەلیم: "ئەمریکییەکان لەگەڵ بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کردووە و تێبینییان لەسەر وادەی ئەنجامدانی پڕۆسەکە هەیە و داوا دەکەن وادەی ئەنجامدانی دوابخرێت، لەبەرامبەریشدا هەرێمی کوردستان داوای کردووە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە نووسراوێکی فەرمی داوا لە هەرێمی کوردستان بکات کە ئەم پڕۆسەیە دوابخەن، پێم وانییە هەرێمی کوردستان بچێتە ژێر باری ئەو گفتوگۆ زارەکییانەوە".
دیاریکردنی وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆم کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و لەم نێوەندەشدا بەشی هەرە زۆری وڵاتان تێبینییان لەسەر وادەی ئەنجامدانی پڕۆسەکە هەیە و پێیان وایە کە کاتەکە گونجاو نییە، لەبەرامبەریشدا ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم پێداگیری دەکات لەسەر وادەی ئەنجامدانی پڕۆسەکە لە ٢٥ی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ.
کارگێڕی ئەنجوومەنی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، سەمیر سەلیم رایگەیاند کە ئەمریکا داوای دواخستنی پڕۆسەی ریفراندۆمی کردووە و لەبەرامبەریشدا هەرێمی کوردستان داوای نووسراوێکی فەرمیی کردووە تاوەکو پڕۆسەکە دوابخات و ئەمریکاش خۆی لەوە دەپارێزێت.
رۆژی سێشەممەی رابردوو، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەردانی ئەنجوومەنی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانی کرد و دوای ئەوەش دەنگۆی راسپاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بۆ لای بزووتنەوەی گۆڕان بڵاوبوویەوە.
سەبارەت بە سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی کارگێڕی ئەنجوومەنی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، سەمیر سەلیم لە دیمانەیەکی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پەیوەندی بە تاوتوێکردنی پرسی ریفراندۆمەوە هەبوو، ئێمە وەکو یەکگرتوو بەشداری پڕۆسەکە دەکەین و پێویستە هەموومان ئاگاداری پەرەسەندن و کاردانەوە و لێکەوتەکانی ئەو پڕۆسەیە بین، بۆیە لەم سەردانەدا تەنها تاوتوێی ئەو پرسەمان کردووە".
ماوەیەک لەمەوبەر جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، جەعفەر ئیمینکی ئاماژەی بەوەکرد بوو کە لە ئایندەیەکی نزیکدا رێککەوتنێک لە نێوان پارتی دیموکراتی کورستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەکرێت لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان و لەم چوارچێوەیەشدا دەنگۆی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لە لایەن یەکگرتووەوە بڵاوکرایەوە و سەبارەت بەم بابەتەش، کارگێڕی ئەنجوومەنی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، سەمیر سەلیم گوتی: "تا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی هیچ کەسێک ئەو بابەتەی بۆ ئێمە پێشنیاز نەکردووە، ئەگەر بابەتێکی وا هەبێت ئەوا بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ، سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامیی بڕیاری لەسەر دەدات".
یەکێک لەو دەنگۆیانەی کە ئەو بەرپرسەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رەتی نەکردەوە، بابەتی هەوڵی دواخستنی پڕۆسەی ریفراندۆم بوو لە لایەن ئەمریکاوە، سەبارەت بەم بابەتەش، سەمیر سەلیم گوتی: "ئێمە ئاگادارین کە ئەمریکییەکان بە چەند شاندێک هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کردووە، ئەمریکا تێبینیی لەسەر کاتی ئەنجامدانی پڕۆسەکە هەیە و داوا دەکات کە کاتی ئەنجامدانی پڕۆسەکە بگۆڕدرێت، لەبەرامبەریشدا هەرێمی کوردستان داوای لە شاندەکانی ئەمریکا کردووە کە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە نووسراوێکی فەرمیی داوا لە هەرێمی کوردستان بکەن کە ئەم پڕۆسەیە دوابخەن و ئەوان کاتەکە دەستنێشان بکەن بەڵام تا ئێستا ئەمریکا ئەوەی نەکردووە، بۆیە پێم وانییە هەرێمی کوردستان بچێتە ژێر باری ئەو گفتوگۆیە زارەکییانەوە، تا ئێستاش هیچ گۆڕانکارییەک نەکراوە".
سەمیر سەلیم، گوتیشی: "ئەمریکا لە ناوچەکەدا خەریکی عەمەلیاتکردنێکی گەورەیە و خەریکی دووبارە دیزاینکردنی نەخشەی سیاسییە، بۆ ئەمەش پێویستی بە سڕکردنی ناوچەکە هەیە، هەر هەنگاوێک لە دیدەی ئەمریکاوە ئیستیفزازی ئەو جەستەیە بکات، ئەوا لە بەرژەوەندی پڕۆسە سیاسییەکەی ئەمریکادا نابێت".
لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بڕیاری پێکهێنانی چەند شاندێک درا کە سەردانی ژمارەیەک وڵات بکەن و تاوتوێی پرسی ریفراندۆم بکەن، بە پێی وتەکانی کارگێڕی ئەنجوومەنی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، سەمیر سەلیم شاندێک سەردانی بەغدا دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بابەتە و گوتی: "لە لێژنەی باڵای ریفراندۆم گفتوگۆ لەسەر ئەوە کراوە کە لێژنەیەک بچێتە بەغدا، بۆ ئەوەی لە رێگای گفتوگۆ بگەنە رێککەوتنێکی هاوبەش، چونکە دۆخێکی ناچاری وا لە کورد دەکات لەم قۆناغەدا بە دوای بژاردەی دیکەدا بگەڕێت، ئەگەر عێراق لە ماوەی چواردە ساڵی رابروودا کوردی دڵخۆش بکردایە بەوەی کورد لە وڵاتێکدایە و شەریکە لەم وڵاتەدا، هاوکات بڕیارەکان هاوبەشن و بەشدارن تیایدا، ئەوا بیر لە بژاردەی دیکە نەدەکرایەوە، بەڵام چونکە لەماوەی رابردوودا، بەغدا بە شێوەیەکی ناتەندروست مامەڵەی لەگەڵ کورد کردووە و شایستەکانی دەستووریی بە کورد نەداوە و ناوچە دابڕاوەکان بە موعەلەقی ماوەتەوە، دوا هەنگاوەکانیشی بریتیی بوو لە بڕینی بەشە بوودجەی هاووڵاتییان، دوای هەمووشیان هەڕەشەی ئەمنیی حەشدی شەعبی بوو، بۆیە چارەنووسی ئێمە بەرەو نادیارتر دەڕوات و کورد مافی خۆیەتی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات".
سەمیر سەلیم گوتیشی: "لە دەستووری عێراقدا هاتووە، ئەگەر حکوومەتی عێراق لە حكوومەتێکی تەوافوقی بەرەو حکوومەتێکی زۆرینە و کەمینە رۆیی و ئەگەر لە حکوومەتێکی دیموکراتی و مەدەنی بۆ حکوومەتێکی عەسکەری رۆیشت، ئەگەر هاوسەنگی دەسەڵات لە نێوان هەر سێ پێکهاتەکەی عێراق بەرەو لاسەنگی رۆیشت، ئەوا پێکهاتەکانی دیکەی دەوڵەتی عێراقی مافی ئەوەیان هەیە بەدوای بژاردەی دیکەدا بگەڕێن، بۆیە ئێمەش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگای دەرەوە دۆسیەی خۆمان و باسی میللەتەکەمان دەگەیەنین تا بتوانین بە شێوەیەکی لێکتێگەیشتن بگەینە ئەنجامێکی باش".
لەماوەی رابردوودا شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە سەرۆکایەتی جێگری سکرتێری گشتی ئەو حزبە بە سەردانێکی فەرمیی چووە ئێران و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە، دوای سەردانەکەشیان ئاماژەیان بە هەڵوێستی فەرمیی ئێران کرد کە دژایەتیکردن بوو بۆ پڕۆسەی ریفراندۆم.
کارگێڕی ئەنجوومەنی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، سەمیر سەلیم ئاماژە بەوە دەکات کە هەڵوێستی ئێران نەبووەتە بابەتێکی گفتوگۆی کۆبوونەوەکان و گوتی: "لە سەردانەکەیاندا بۆ ئێران، لەگەڵ شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسی ریفراندۆم کراوە و شاندەکەی یەکێتیی بە ئێرانییەکانییان گوتووە کە گەل بڕیاری داوە و ئێمە ناتوانین بە تەنها دوایبخەین یان گۆڕانکاری تیادا بکەین، بەڵام ئەم بابەتە نەبووەتە گفتوگۆی دانیشتن و کۆبوونەوەکان".
رۆژی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٧ کۆبوونەوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان جگە لە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بەڕێوەچوو، پێشتر راگەیەنرابوو کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە بابەتی ریفراندۆم دەبێت لە ھەرێمی کوردستان و رۆژی ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم دیاریکرا کە دەکەوێتە ٢٥ی ئەیلوولی ئەمساڵ.