Hamdi Yıldız
19 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 20 نیسان 2022
غەززە - AA
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە کەرتی غەززە، فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل، زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان کردە سەر خاڵێکی سەربازیی لیواکانی عیزەددین قەسام لە خۆرئاوای شاری خان یونس باشووری کەرتی غەززە.
لەبارەی زیانی گیانی و ماددی هێرشەکانەوە تا ئێستا هیچ لێدوان و روونکردنەوەیەک نەدراوە.
لە کاتێکدا بەر لە ئەنجامدانی هێرشە ئاسمانییەکە، سوپای ئیسرائیل راگەیەندراوێکی لەبارەی پووچەڵکردنەوەی مووشەکێک لە غەززە بڵاوکردەوە لە میانی هێرشەکەدا لە باشووری شارەکە، زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرابوو.
دوێنێ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، نەفتالی بینیت لە راگەیەندراوێکیدا زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل و فەڵەستینی خستە ئەستۆی حەماس.
- زیادبوونی هێرشەکان لە ئەقسا
جوولەکە پەڕگیرەکان لە جەژنی فسح کە بۆنەیەکی تایبەت بە ئایینەکەیانە و لە ١٥ی نیسانەوە دەستی پێ کردووە و تا ٢٣ی نیسان دەخایەنێت، هێرشەکانیان بۆسەر مزگەوتی ئەقسا زیاتر کردووە.
هاوکات هێرشەکان بە هاوکاری پۆلیسی ئیسرائیل دەکرێتە سەر مزگەوتەکە.
رۆژی هەینی رابردوو، دوای نوێژی بەیانی هێزەکانی پۆلیسی ئیسرائیل هەڵیانکوتایە سەر مزگەوتی ئەقسا و بە فیشەکی پلاستیکی، بۆمبی دەنگی و گازی فرمێسکڕێژ رووبەڕووی موسڵمانانی ناو مزگەوتەکە بوونەوە و دواتر بەزۆر تەواوی نوێژخوێنانیان لە حەرەمی شەریف کردە دەرەوە.
ئەنجوومەنی ئەوقاف و کاروباری پیرۆزییە ئیسلامییەکان لە قودس ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ ٥٦١ جوولەکەی نیشتەجێی ناوچەکە بە پاڵپشتی پۆلیسی ئیسرائیل چوونەتە ناو مزگەوتەکە.