"هیچ کەسێک ناتوانێت ئێران بە جێهێشتنی سووریا ناچاربکات"
- گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بەهرام قاسمی ئەو دەنگۆیانەی بە درۆخستەوە کە باس لەوە دەکەن سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین دوایکردووە ئێران لە سووریا بچێتە دەرەوە.
Tahran
ئیستانبوڵ - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بەهرام قاسمی ئەو دەنگۆیانەی بە درۆخستەوە کە باس لەوە دەکەن سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین دوایکردووە ئێران لە سووریا بچێتە دەرەوە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە تارانی پایتەخت سازییکرد و تیایدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە، بەهرام قاسمی لە وەڵامی پرسیاری "رووسیا خوازیارە هێزە بیانییەکان سووریا جێبهێڵن. ئایا رێگەی تێدەچێت رووسیا ئێران ناچاربکات لە سووریا بچێتە دەرەوە؟" بەهرام قاسمی رایگەیاند "هیچ کەسێک ناتوانێت ئێران بۆ هیچ شتێک ناچاربکات. ئێران تا ئەو کاتەی کە پێویست بێت و دەوڵەتی سووریا داوای لێبکات، بەردەوام دەبێت لەسەر هاوکارییەکانی".
بەهرام قاسمی باسی لەوەکرد ئێران لەگەڵ ئەو وڵاتانەی ئەورووپا کە بەشێکن لە رێککەوتنی ئەتۆمی وڵاتانی پێنج کۆیەک لەگەڵ وڵاتەکەی لە کۆبوونەوەکانی بەردەوام دەبێت و تەماشای گوتار ناکات بەڵکو تەماشای کردار دەکات و جەختی لەوەکردەوە کە چاوەڕێی ئەوەن وڵاتانی ئەورووپا هەنگاوی مکووڕانەتر بنێن.
لە کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەی رابردووی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لەگەڵ سەرۆکی رژێمی سووریا، بەشار ئەسەد لە سۆچی، ئاماژە بە پێویستیی چوونە دەرەوەی هێزە چەکدارە بیانییەکان لە سووریا کرابوو.