Muhammet Ali Kemal
11 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 12 نیسان 2017
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی کۆشکی سپی، شان سپایسەر، هۆشداریی دایە رژێمی بەشار ئەسەد کە دوای ئەوەی چەکی کیمیاویی لە ئیدلب بەکارهێناوە، بنکەیەکی سەربازیی لەلایەن ئەمریکاوە مووشەکباران کراوە و رایگەیاند: ''ئەگەر چەکی کیمیاویی دژی منداڵی ساوا و بەرمیلە بۆمبڕێژکراوەکان دژی هاووڵاتییانی بێتاوان بەکاربهێنن، ئەوا دەبێت چاوەڕێی وەڵامێک بن لە سەرۆکەوە (دۆناڵد ترەمپ)''.
شان سپایسەر لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی خۆیدا لە کۆشکی سپی، وەڵامی پرسیارەکانی پەیوەست بە هێرشی ئەمریکا لەرێگەی مووشەکەوە بۆ سەر رژێمی بەشار ئەسەد، دایەوە.
سپایسەر باسی لەوەکرد سەرۆکی وڵاتەکەی، دۆناڵد ترەمپ لە بڕیاردان بۆ هێرشکردنە سەر رژێمی سووریا لەرێگەی مووشەکەوە، کارێکی درووست و هۆشیارانەی کردووە و ئاماژەی بەوەشکرد ئەگەر بێتو هێرشی دیکەی کیمیاویی ئەنجام بدرێت، ئەوا ئەمریکا وەڵامیان دەداتەوە.
گوتەبێژی کۆشکی سپی بە ئاماژەدان بە هێرشە کیمیاوییەکەی سووریا رایگەیاند: ''ئەگەر چەکی کیمیاویی دژی منداڵی ساوا و بەرمیلە بۆمبڕێژکراوەکان دژی هاووڵاتییانی بێتاوان بەکاربهێنن، ئەوا دەبێت چاوەڕێی وەڵامێک بن لە سەرۆکەوە (دۆناڵد ترەمپ)''. ئەوەی بووە مایەی سەرنج ئەوەبوو کە بۆ یەکەمجارە شان سپایسەر باسی بەرمیلە بۆمبڕێژکراوەکان و چەکی کیمیاویی پێکەوە دەکات.
- ''ناتوانین بیر لەوە بکەینەوە کە سووریایەکی ئارام و سەقامگیر لەژێر دەسەڵاتی ئەسەددا بوونی دەبێت''
شان سپایسەر تیشكی خستە سەر ئەوەی سەرەڕای هەموو ئەوانە، کاری لەپێشینەی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا بریتییە لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و بەڵام ئەوەش ناکاتە ئەوەی بێدەنگ بن لەبەرامبەر کوشتنی منداڵانی ساوادا بەچەکی کیمیاویی لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە و گوتی: ''کاری لەپێشینەی ژمارە یەکی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، داعشە. بەڵام ناتوانین بیر لەوە بکەینەوە کە سووریایەکی ئارام و سەقامگیر لەژێر دەسەڵاتی ئەسەددا بوونی دەبێت''.
سپایسەر راشیگەیاند: ''هانی سەرۆک و سەرکردەکانی وڵاتان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەدەین تاوەکو بەمەبەستی وەستاندنی ئەو هێرشە کیمیاوییانە، پێکەوە کاربکەن'' و جەختی لەوەکردەوە کە سەرەتا پێویستە توندوتیژیی بوەستێنرێت. باسی لەوەشکرد کە بەر لە لەناوبردنی هەڕەشەی داعش، هاویشتنی هەر هەنگاوێکی بنیاتنەرانە لەبارەی داهاتووی رژێمی ئەسەدەوە ئەستەمە و رایگەیاند: ''لەوێ (لەسووریا) داعش لە زۆر بووندایە و بەکارهێنانی چەکی کیمیاویی لە بەرزبوونەوەدایە. پێویستە ئەمانە چارەسەربکەین. تەنها دوای ئەمە دەتوانین بەمەبەستی ئەنجامدانی گۆڕانکاریی لەرژێمی ئەو وڵاتەدا، فشاری ئابووری، دیبلۆماسی و سیاسیی بکەین''.
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا کردەوەکانی رژێمی بەشار ئەسەد دەچنە چوارچێوەی تاوانی جەنگەوە، گوتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەکرد ئەو بابەتە لەلایەن دادگای پەیوەندیدارەوە بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.
- توانای ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانیی لەلایەن رژێمەوە لەسەدا 20 هێنرایە خوارەوە
شان سپایسەر ئاشكرایکرد هێرشەکەی سەر سەر بنکەی ئاسمانیی شەعیرات ''ئێجگار سەرکەوتوو بووە'' و جەختی لەوەکردەوە لەرێگەی هێرشەکەوە ''توانای ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانیی لەلایەن رژێمەوە لەسەدا 20 هێنرایە خوارەوە''.
سپایسەر رەخنەی لە پشتیوانیی رووسیا بۆ رژێمی ئەسەد گرت و گوتی: ''رووسیا لەگەڵ وڵاتانی هاوشێوەی ئێران و کۆریای باکووردا لەیەک بەرەدان'' و لەبەرامبەر ئەوانیشدا ئەمریکا لەژێر چەترێکی نێودەوڵەتیدایە کە دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوییە.