Can Efesoy,Sümeyye Dilara Dinçer
02 کانوونی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 03 کانوونی یەکەم 2024
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان ڕایگەیاند: "هەڵە دەبێت لەم قۆناغەدا هەوڵبدرێت بە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی ڕووداوەکانی سووریا ڕوون بکرێتەوە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان لە ئەنقەرە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عراقچی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هاوبەشی ساز کرد.
فیدان باسی لەوە کرد کە بیروڕایان سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی سووریا ئاڵوگۆڕ کردووە و، ڕایگەیاند: "هەڵە دەبێت لەم قۆناغەدا هەوڵبدرێت بە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی ڕووداوەکانی سووریا ڕوون بکرێتەوە. ئەمە پاناگەیەکە کە ئەوانەی نایانەوێت لە ڕاستییەکانی سووریا تێبگەن، پەنایان بۆ بردووە''.
هاکان فیدان ئاماژەی بەوە کرد کە قۆناغی ئاستانا دەستەبەری ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانە گەرم و چڕەکانی کردووە و، رایگەیاند: "بەم شێوەیەش ئامانجمان پێشخستنی پەیوەندی ڕژیم بوو لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن لە بواری سیاسییدا".
گوتیشی: "لەم خاڵەدا هۆکاری سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی شەڕ و پێکدادانە بەرفراوانەکان لە سووریا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی زیاتر لە ١٣ ساڵە ئەو کێشانەی لەم وڵاتەدا گرێدراوی یەکترن، چارەسەر نەکراون".
وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان، پشتگوێخستنی داواکارییە ڕەواکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و ڕاستگۆ نەبوونی ڕژێم لە پڕۆسەی سیاسیی بە "هەڵە" ناوزەند کرد.
فیدان تیشکی خستە سەر ئەوەی کە هێرشی بەرفراوان بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی لە سووریا سەرلەنوێ ئاگری جەنگی ناوخۆیی تاوپێداوە و، دەیانجار هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانیان لەم بارەیەوە ئاگادار کردووەتەوە.
گوتیشی: "جارێکی دیکە دوایین پێشهاتەکان دەریدەخەن کە پێویستە دیمەشق لەگەڵ گەلی خۆی و ئۆپۆزسیۆنی شەرعی بگاتە سازان. تورکیا ئامادەی هەموو هاوکارییەکی پێویستە لەم بارەیەوە".
هاکان فیدان ئەوەیشی خستەڕوو کە لەگەڵ ئێران بەردەوام دەبن لە هەماهەنگیی کە لە چوارچێوەی قۆناغی ئاستانادا کاری گرنگییان ئەنجامداوە و، گوتی: "ئێمە هەردەم پشتیوانیمان لە یەکپارچەیی خاکی سووریا و پاراستنی یەکێتی خاکەکەی کردووە. لەمەودواش پشتیوانی دەکەین".
ڕاشیگەیاند: "کاتێک لە کۆمەڵێک ڕووداوی ناخۆشی رابردوو دەڕوانین، هەندێک بابەت هەن کە نامانەوێت لە ئێستادا بیانبینین. بەتایبەتی ناخوازین جەنگی ناوخۆ (لە سووریا) زیاتر ڕوو لە هەڵکشان بکات. دووهەمیش نامانەوێت دووبارە کوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی، خاپوور کردنی ژێرخانی مەدەنی و بەقورسی بۆردومان کردنی شارەکان ببینین".