Şerife Çetin,Baybars Can
03 کانوونی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 05 کانوونی یەکەم 2024
نیویۆرک ــ AA
نوێنەری ھەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لیندا تۆماس-گرینفیڵد ڕایگەیاند: "ڕژێمی سووریا بەسەرکردایەتی بەشار ئەسەد بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی پشتگوێ خستووە، ھەروەھا ڕەتی دەکاتەوە لەسەر مێزی دانوستانەکان دابنیشێت".
لیندا تۆماس-گرینفیڵد دوای وەرگرتنی سەرۆکایەتی ئەم خولەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەمریکا لەھەمبەر دۆخی ئێستای سووریا، ھەست بە نیگەرانی دەکات و لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکات.
ڕاشیگەیاند کە ئەمریکا وڵاتەکەی بەردەوامە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھاوبەشەکانی لە ناوچەکەدا و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ڕێگایەک بە ئامانجی بەدیھێنانی ئاشتی و ئاسایش بۆ گەلی سووریا، بدۆزرێتەوە.
گوتیشی: "ئێمە بۆ ماوەیەکی زۆر پاڵپشتیمان لە دانوستانەکان لەبارەی سووریا کرد، بەڵام ڕژێمی سووریا بە سەرکردایەتی بەشار ئەسەد بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پشتگوێ خستووە، ھەروەھا ڕەتی دەکاتەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشێت".