Hasan Esen
09 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 10 نیسان 2021
لەندەن - AA
هاوسەری شاژنی بەریتانیا ئەلیزابێسی دووەم، شازادە فلیپ لە تەمەنی ٩٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
لە راگەیەندراوێکدا کە لە لایەن کۆشکی بێکینگهام-ەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە شازادە فلیپ لە کۆشکی ویندسۆر گیانی لەدەستداوە.
شازادە فلیپ لە ١٦ی شوباتدا لە نەخۆشخانەی شا ئێدواردی حەوتەم خرایە ژێر چارەسەرەوە.
ئاماژە بەوە کرابوو کە شازادە فلیپ نەخۆشیەکەی پەیوەندی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە نییە و، چەند رۆژێک لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە وچارەسەری بۆ دەکرێت.
دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ دڵی، شازادە فلیپ دووبارە برایەوە بۆ هەمان نەخۆشخانە و، لە پاش چارەسەر کە ٢٨ رۆژی خایاند، لە ١٦ی ئاداردا چارەسەرکردنی تەواوبوو.
- ژیانی شازادە فلیپ
فلیپ کە لە ١٠ی حوزەیرانی ١٩٢١دا لە دایکبووە، لە دایکبوونیدا نازناوی شازادەی دانیمارک و یۆنانی پێ بەخشراوە.
سەرەڕای ئەوەی لە یۆنان لە دایکبووە، دوای شۆڕش کە هێشتا ساوا بووە لەگەڵ خانەوادەکەیدا دوورخراوەتەوە.
لە دوای خوێندن لە فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا، لە ساڵی ١٩٣٩دا، فلیپ لە تەمەنی ١٨ساڵیدا پەیوەندی کردووە بە هێزی دەریایی شاهانەی بەریتانیاوە.
فلیپ لە ساڵی ١٩٣٤دا لەگەڵ شازادە ئەلیزابێسی ئێستادا یەکیان ناسی و، لە سەروبەندی جەنگی جیهانیی دووەمدا لە دەریای ناوەڕاست و زەریای هێمندا ئەرکی وەرگرت و، لە دوای جەنگ رێگەی پێدرا لەگەڵ شازادە ئەلیزابێس-دا هاوسەرگیری بکات.
پێش رێوڕەسمی مارەبڕین، فلیپ لە ساڵی ١٩٤٧دا وازی لە نازناوی شازادەی دانیمارک و یۆنان هێنا و، بووە هاووڵاتی بەریتانیا و، نازناوی دایک و بابە گەورەی کە مۆنتباتن بوو وەرگرت و، لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ١٩٤٧دا لەگەڵ شازادە ئەلیزابێس-دا هاوسەرگیرییان کرد.
هەر لە پێش رێوڕەسمی هاوسەرگیریەکە لە لایەن شا جۆرجی شەشەمەوە نازناوەکانی ئێدینبێرگ دوکو، مێریۆنیس کۆنت و گرینویچ بارۆن-ی پێ بەخشرا. کاتێ ئەلیزابێس لە ساڵی ١٩٥٢دا بووە شاژن، فلیپ-یش کە گەیشتە پلەی فەرماندە سوپای جێهێشت و، لە ساڵی ١٩٥٧دا نازناوی شازادەی بەریتانیای وەرگرت.