Betül Yürük
05 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 05 کانوونی دووەم 2022
نەتەوە یەکگرتووەکان- AA
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی لە زیادبوونی گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا دەربڕی و ئەوەی ئاشکرا کرد کە نایانەوێت هیچ لەشکرکێشییەک بۆسەر ئۆکراینا ببینن.
گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ستێفان دوجاریک لە میانی لێدوانی رۆژانەیدا بۆ رۆژنامەنووسان باسی لەوە کرد کە بەشێوەیەکی ئەرێنی پێشوازییان لە گفتوگۆکانی نێوان سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن و سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین دەربارەی پرسی نێوان رووسیا- ئۆکراینا، کردووە.
ستیڤان دوجاریک ئەوەشی ئاشکرا کرد کە نیگەرانن لە هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا و گوتیشی: "نامانەوێت لە هیچ شوێنێکەوە هیچ لەشکرکێشییەک بکرێتە سەر ئۆکراینا".
گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هیواشی خواست بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، گفتوگۆ و دانوستانەکان بەردەوام بن.
جێی وەبیرهێنانەوەیە ماوەی چەند مانگێکە رووسیا هێزێکی زۆری لەسەر سنووری ئۆکراینا کۆکردووەتەوە و نیگەرانییەکان لە داگیرکاریی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا بووەتە هۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان مۆسکۆ و وڵاتانی رۆژئاوا.
بڕیاریش وایە لە هەفتەی ئایندەدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەوڵەکانی تایبەت بە کەمکردنەوەی گرژییەکان، رووسیا چەند کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئەمریکا و رێکخراوی ناتۆ ئەنجام بدات.