Heman Hussein Yaseen
06 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2021
ههولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی کرد لە شاندێکی پارتی گەلی کۆماریی تورکیا (CHP) بە سەرۆکایەتی، جێگری سەرۆکی پارتەکە، ئۆغوز کان سالیجی کرد.
ماڵپهڕی سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستان بڵاویکردەوە کە لە دیدارێکدا شاندی پارتی گەلی کۆماریی باسیان لە ئامانجی سەردانەکەیان بۆ ھەرێمی کوردستان کردووە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، بە دیالۆگ و لێکگەیشتنی نێوان گەلان و پێکھاتەکان دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش پارتەکەیان جێبەجێکردنی روانگەیەکی دوورمەودای لەسەر ئەو بنەمایە دەست پێ کردووە و ھیوایان خواستووە کە پەیوەندیی باش و لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و پێکھاتەکانی بونیادبنێن و پێکەوە کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بکەن، ھەر لەمبارەیەوە ئاماژەیان بە گرنگیی رۆڵ و پێگەی ھەرێمی کوردستان کردووە.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە سهرۆكی ههرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی جەختی لە گرنگیی دیالۆگ و لێکگەیشتن و بیروبۆچوونی ھاوبەش و دۆزینەوەی رێگەچارەی کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە لەسەر بنەمای یەکترقبووڵکردن و نەھێشتنی ئینکار کردووەتەوە و سەردانەکەی وەک سیاسەتێکی تازەی پارتی گەلی کۆماریی (CHP) لە قەڵەمداوە.
ئهوهیشی خستووهتهڕوو كه نێچیرڤان بارزانی سوپاسی تورکیای کردووە کە ھەمیشە لە تەنگانەدا یارمەتیی خەڵکی کوردستانی داوە و ئاماژەی بە ھاوکاریی تورکیا لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفالی ١٩٨٨دا کردووە کە دەرگاکانی بەڕووی خەڵکی کوردستاندا کردەوە و یارمەتی دان. دەربارەی رۆڵ و پێگەی ھەرێمی کوردستانیش دووپاتیکردووەتەوە کە وەک ھەمیشە بە فاکتەری ئارامی و سەقامگیری دەمێنێتەوە.
راشیگەیاندووە كه دۆخی گشتی و ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق، مەترسییەکانی داعش و پێشبینییەکان بۆ داھاتووی ناوچەکە، چەند تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.