Zana Natık Kerem
14 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2022
ھەولێر – AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، مارک برایسۆن ریچاردسۆن دوایین پێشھاتە سیاسییەکان و کێشە و تەحەدییەکانی بەردەم عێراق، ھەروەھا پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدایان تاوتوێ کرد.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە کە نێچیرڤان بارزانی پێشوازی کردووە لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، مارک برایسۆن ریچاردسۆن و کۆبوونەتەوە.
راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکدا، برەودان بە پەیوەندییەکانی بەریتانیا لەگەڵ عیراق و ھەرێمی کوردستان، دوایین پێشھاتە سیاسییەکان، دامەزراندنی حکوومەتی نوێی فیدراڵیی، کێشە و تەحەدییەکانی بەردەم عێراق، پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا و کێشەکانی نێوانیان، ھەروەھا دوا سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا و گفتوگۆکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەرپرسان لە بەغدا، تاوتوێ کراون.
باسی لەوەش کردووە کە ھەردوولا جەختیان کردووەتەوە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی باشتر بە ھاووڵاتییانی عێراق و دابینکرنی دەرفەتی کار و جێبەجێکردنی کارنامە و ئەولەویەتی کارەکانی حکوومەت، ھەروەھا باسیان لە دۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان کردووە و یەکڕیزی و یەکھەڵوێستیی ھەرێمی کوردستانیان بە گرنگ و پێویست زانیوە بەتایبەتیش یەکدەنگیی تیمی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا.
راشیگەیاندووە کە نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردووەتەوە، ھەرێمی کوردستان پشتیوانی لە حکوومەتی نوێی عێراق بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی دەکات و دەرفەتێک ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات بە پشتگیریی لایەنە بەشدارەکانی حکوومەتی فیدراڵی، ھەروەھا ھاریکاری و کاری ھاوبەشی نێوان لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا بە پێویست و گرنگ لە قەڵەم دا.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە، دوایین پێشھاتەکان و دۆخی ناوچەکە بەگشتیی و ژمارەیەک پرسی دیکە.