Ramal Abdullah Mahmood
19 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 20 ئادار 2017
پاریس – AA
داواکاری گشتیی پاریس، فرانچۆیس مۆلینس رایگەیاند ئەو کەسەی لە دەورووبەری پاریس تەقەی لە پۆلیس کرد و دواتر هێرشی کردە سەر پۆلیس لە فڕۆکەخانەی ئۆرلی کە لەلایەن پۆلیسەوە کوژرا ناوی زیەد بن بەلگاجەمە.
داواکاری گشتیی پاریس لەبارەی دوو هێرشەوە کۆنگرەیەکەی رۆژنامەوانی ئەنجام دا.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا بەر لەوەی پەلاماردەر هێرش بکاتە سەر ئەو سەربازانەی لە تێرمینالی فڕۆکەخانەکە سەرقاڵی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بوون، هاواری کردووە "چەکەکانتان دابنێن. من بەناوی خوداوە هاتووم لێرە بمرم. ژمارەیەکی زۆرکەس لێرە دەمرن".
سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشاوە پەلاماردەرەکە دەیویست سەربازیکی ئافرەت چەک بکات بۆ ماوەی دوو خولەک ملیان لەبەریەک ناوە و دواتر لەلایەن پۆلیسەکانەوە تەقەی لێ دەکرێت و دەکوژرێت.
مۆلینس گوتیشی: "پەلاماردەرەکە تەمەنی ٣٩ ساڵ بووە. دوای ئەوەی کاتژمێر ٠٦:٥٥ خولەک بە کاتی فەڕەنسا لەلایەن پۆلیسەوە لە خاڵێکی پشکنین لە شارۆچکەی Seine-Saint-Denis ئۆتۆمبێلەکەی رادەگیرێت تەقە دەکات و بەمهۆیەوە پۆلیسێک بریندار دەبێت دواتر رادەکات. دواتر پەلاماردەر لەڕێگەی مۆبایلەوە پەیوەندی بە خێزانەکەیەوە دەکات و دەڵێت "من کارێکی هەڵەم کرد". دواتر هەمان کەس ئۆتۆمبێلەکەی کە لە جۆری Clio لە دەورووبەری ... و دەچێتە باڕێک تەقە بە ئاسماندا دەکات و هەڕەشە لەو کەسانە دەکات کە روویان کردووەتە باڕەکە.
دواتر ئۆتۆمبێلێکی جۆری Citroen Picasso دەدزێت و بەرەو فڕۆکەخانەی ئۆرلی بەڕێ دەکەوێت و هێرشی دووەمی ئەنجام دەدات.
داواکاری گشتیی پاریس، فرانچۆیس مۆلینس رایگەیاند جانتای پشتی پەلاماردەرەکە جلیکانەیەکی بچووکی پڕ لە سووتەمەنی، قورئانێک و باخەڵیشی ٧٥٠ یۆرۆی تیادا بووە.
داواکارە گشتییەکە ئاماژەی بەوە دا کە هێرشبەر چەند جاریک بە تاوانی چەتەیی و قاچاخچێتیکردن بە مادەی هۆشبەر حوکم دراوە و لە ساڵی ٢٠١١-٢٠١٢ لە گرتووخانە بووەتە کەسێکی "توندڕەو"، تیشکیشی خستە سەر ئەوەی بەهۆی کردنەوەی دۆسیەیەک لەسەر ناوبراو لە ساڵی رابردوو، لەژێر چاودێری دادوەری دابووە.
مۆلینس ئاماژەی بەوە دا کە باوک و برا و ئامۆزای پەلاماردەرەکەیان دەستگیر کردووە. دوای هێرشەکە ماوەیەک گەشت لە فڕۆکەخانەی ئۆرلی راگیرا و گەشتیاران فڕۆکەخانەکەیان چۆڵ کرد.