Ömer Tuğrul Çam
26 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 26 شوبات 2022
برۆکسل – AA
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یەنس ستۆلتنبێرگ، رایگەیاند لەدوای ھێرشەکەی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، بۆیەکەم جار ھێزی وەڵامدانەوەی ناتۆ لە رۆژھەڵاتی ئەورووپا جێگیر دەکەن.
ستۆلتنبێرگ، لە دوای کۆتایی ھاتنی کۆبوونەوەی نائاسایی لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ کە بەھۆی ھێرشەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا ئەنجامدرا و سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان نوێنەرایەتی تورکیا-ی کرد، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا.
یەنس ستۆلتنبێرگ، گوتی: "دوێنێ ھاوپەیمانانی ناتۆ پلانەکانی بەرگریمانیان خستە بواری جێبەجێکردنەوە. لەپێناو بەھێزکردنی توانای بەرگریی و بەرپەرچدانەوەی ھاوپەیمانانی ناتۆ، بڕیاری جێگیرکردنی پێکھاتەی ئاسمانیی، وشکانیی و دەریایی ھێزی وەڵامدانەوەی ناتۆ درا".
سکرتێری گشتیی ناتۆ، ئاماژەی بەوە کرد کە لە لووتکەکەی ئەمڕۆدا، ھاوپەیمانەکان زانیارییان دەربارەی پاڵپشتی کردنی ئۆکراینا و ئەو چەکە جۆراوجۆرەی کە داویانە بەو وڵاتەیان بە ئەندامەکانی دیکە دا و رایگەیاند ئەمانە ھەندێکیان سستەمی بەرگریی ئاسمانی لەخۆدەگرێت.