Selen Temizer
17 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 18 شوبات 2022
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یەنس ستۆڵتنبێرگ، رایگەیاند ئهوه بینراوه رووسیا لهپێناو دۆزینەوەی بیانوویەک بۆ داگیرکردنی ئۆکراینا سەرقاڵی ئۆپەراسیۆنی "ئاڵای ساختەیە".
یەنس ستۆڵتنبێرگ لە کۆتایی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ کە دوو رۆژ بوو لە برۆکسل بەڕێوەدەچوو، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
ستۆڵتنبێرگ ئاماژەی بەوە کرد کە ھاوپەیمانان ھاوڕان لەسەر بابەتی کرانەوەی دەرگای ناتۆ بەڕووی سەرجەم وڵاتاندا و ئاشكرای كرد، پابەندبوون بە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا دووپاتکراوەتەوە.
راشیگهیاند: "ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی 'ناوچەکانی کاریگەریی' کە ھێزە زەبەلاحەکان ھەڵدەستان بە قبوڵ نەکردن، تۆقاندن و خۆسەپاندن بەسەر لایەنەکانی دیکەدا".
سكرتێری گشتیی ناتۆ جەختی لەوە کردەوە کە ھاوپەیمانەکان ئامادەن لەگەڵ رووسیا لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و ئەنجوومەنی ناتۆ-رووسیا ئامادەیە چەند پرسێک چارەسەر بکەن.
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا لەسەر توندوتیژییەکانی دۆنباس، یهن ستۆڵتنبێرگ گوتی: "بینیمان رووسیا لهپێناو دۆزینەوەی بیانوویەک بۆ داگیرکردنی ئۆکراینا، لە ھەوڵی ئۆپەراسیۆنی ئاڵای ساختەدایە".
- لە راستیدا چۆن گرژییەکان کەمدەکرێتەوە
سەبارەت بەو لێدوانانەی کە دەڵێن سەرەڕای بەیاننامەکانی رووسیا، ھێشتا هێزی سەربازیی لە سنوورەکانی ئۆکراینا نەکشاندووەتەوە و گرژییەکان کەمنەبووەتەوە، ستۆڵتنبێرگ گوتی: "ئەم کۆکردنەوە سەربازییە، لە وەرزی بەھاردا دەستی پێکرد. زیادبوون و کەمبوونی ھێزەکانمان بینی. ھەندێکمان بینی ھاتن ھەندێکیشمان بینی کشانەوە بەڵام بەشێوەیەکی گشتی لە زیادبووندا بوو. دەزانن تانکێک بخەنە سەر شەمەنەدەفەرێک و بە ئاراستەیەکدا بیجوڵێننەوە، مانای کشانەوەی یەکەکان ناگەیهنێت. ئەمە لەگەڵ کەمکردنەوەی راستەقینەی گرژییەکاندا یەک ناگرێتەوە، چونکە ئەم ھێزانە بە بەردەوامی بەرەو ناوەوە و دەرەوە جوڵەی پێدەکرێت. ھەربۆیە، دەبێت کشانەوەیەکی مانادار ھەبێت. ئێمەش ئەمەمان دەوێت. بەڵام ئەمە نابینین. بێگومان دەکرێت ئەمە بگۆڕدرێت. ئێمەش ئەمەمان دەوێت".
جێی ئاماژەیە، وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار، نوێنەرایەتی تورکیای کرد لەو کۆبوونەوە دوو رۆژییەی ناتۆدا.