Yusuf Hatip
07 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 07 کانوونی دووەم 2020
بڕۆکسل - AA
سکرتێری گشتی ناتۆ، یانس ستولتنبێرگ دوابەدوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باکووری زەریای ئەتڵەسی کە لەسەر ئاستی باڵیۆزەکان رێکخرابوو، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرد.
یانس ستولتنبێرگ باسی لە هەڵپەساردنی کاتی چالاکییەکانی ناتۆ لە عێراق و گرنگی پێدانی مەشق و راهێنانی هاوپەیمانان بە هێزە عێراقییەکان کرد و گوتی: "لەسەر بانگێشتی حکوومەتی بەغدا مەشق و راهێنان بە هێزە عێراقییەکان دەکەین و یارمەتیدەر دەبین لە رێگریکردن لە دووبارە گەڕانەوەی داعش".
سکرتێری گشتی ناتۆ، یانس ستولتنبێرگ جەختی لەوەکردەوە کە لەبەر ئەوەی پاراستنی ئاسایشی هێزەکانی ناتۆ لە هەموو شتێك گرنگترە، بۆیە چالاکییەکانیان لە عێراق هەڵپەساردووە.
یانس ستولتنبێرگ ئاماژەی بەوەیشدا کە ئەگەر رەوشی عێراق سەقامگیربێت ناتۆ درێژە بە چالاکییەکانی دەدات.
سکرتێری گشتی ناتۆ ئەوەی ئاشکرا کرد کە دوابەدوای کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەنجامدانی هێرش بۆسەر بنکەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، ئەمڕۆ ئەمریکا لە بارەی دوایین بەرەوپێشچوونەکانی ناوچەکەوە زانیاری داوەتە هاوپەیمانان.
یانس ستولتنبێرگ لەبارەی ئێرانیشەوە گوتی: "هەموو هاوپەیمانان نیگەرانن لە هەوڵەکانی ئێران بۆ دروستکردنی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا. هەمووشمان هاوڕاین لەسەر ئەوەی کە نابێت ئێران ببێت بە خاوەن چەکی ئەتۆمی و ئیدانەی پشتیوانییەکانی بۆ گرووپە تیرۆریستییە جیاوازەکان دەکەین".
سکرتێری گشتی ناتۆ ئاماژەی بەوەیشدا کە ئێران بە هێرشکردنە سەر دامەزراوەی نەوتی سعوودیە و خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا بووە هۆی هەڵکشانی زیاتری گرژییەکان و گوتی: "لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆماندا هەموو هاوپەیمانان داوای کەمکردنەوەی گرژییەکان و مامەڵەی ژیرانەمان لەگەڵ دۆخەکە کرد. دروستبوونی پێکدادانی نوێ سوود بە هیچ کەسێك ناگەیەنێت هەربۆیە تکا لە ئێران دەکەین خۆی لە توندوتیژی و چەواشەکاری زیاتر بەدوور بگرێت.
ناتۆ دوابەدوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، بەشێوەیەکی کاتی چالاکییەکانی مەشق و راهێنانی لە عێراق هەڵپەسارد.