Mustafa Deveci
07 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 10 کانوونی دووەم 2020
قودس – AA
سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو رایگه‌یاند، چونكه وڵاته‌كه‌ی به‌شێك نه‌بووه له‌و هێرشه‌ی کە بەهۆیەوە فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس سەربە سوپای پاسداران، قاسم سوله‌یمانی كوژراوه، پێویسته نه‌بن به به‌شێك له گژرییهكانی نێوان ئه‌مریكا و ئێران.
میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویانکردووەتەوە کە له میانی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌منیدا، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو گوتوویه‌تی: "چونكه ئیسرائیل به‌شێك نه‌بووه له‌و هێرشه‌ی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس سەربە سوپای پاسداران، قاسم سوله‌یمانی تیادا كوژراوه، پێویسته نه‌بین به به‌شێك له گژرییهكانی نێوان ئه‌مریكا و ئێران".
له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا بێنیامین ناتانیاهو به وه‌زیره‌كانی كابینه‌كه‌ی گوتووه به كردنه ئه‌وله‌ویه‌تی پشتیوانی له ئه‌مریكا ده‌توانن له‌باره‌ی كوشتنی قاسم سوله‌یمانی-یه‌وه بۆ میدیاكان بدوێن.
له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌منیدا گه‌وره به‌رپرسانی سه‌ربازی ئیسرائیل ئاماژه‌یان به‌وه داوه كه ئه‌گه‌ری كردنه ئامانجی ئیسرائیل له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه وه‌ك تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له كوشتنی قاسم سوله‌یمانی زۆر لاوازه.
ئەم پێشهاتەش دوای ئەوە دێت کە رۆژی هەینی رابردوو وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا (پنتاگۆن) رایگەیاندبوو کە فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس سه‌ربه سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سوله‌یمانی و جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس له هێرشێكی ئاسمانیی سوپای ئەمریکادا له‌سەر رێگای فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا، كوژراون.
له هێرشه‌كه‌دا له‌پاڵ قاسم سوله‌یمانی و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس، هەروەها ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌ری ئێرانی سەربە سوپای پاسداران و پێنج كه‌سی عێراقی كه سه‌رجه‌میان ١٠ كه‌س بوون، كوژران.
دوای رووداوه‌كه رێبه‌ری باڵای شۆڕشی ئێران، ئایه‌توڵڵا عه‌لی خامنه‌یی رایگه‌یاندبوو "به رۆیشتنی ئه‌و (قاسم سولەیمانی)، ئه‌و كاره‌ی كه ئەنجامی دەدا ناوه‌ستێنرێت و رێبازه‌كه‌ی كۆتایی نایه‌ت. تۆڵه‌یه‌كی تاڵ چاوه‌ڕوانی تاوانبارانه".
ئایەتوڵڵا عه‌لی خامنه‌یی ماوه‌ی سێ رۆژ ماته‌می سه‌رانسه‌ری له ئێران راگه‌یاندبوو و له جێگه‌ی سوله‌یمانی-یش عه‌مید ئیسماعیل قائانی دانابوو.
هەر دوای هێرشه‌كه، ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی ئه‌نجامدا و ئاشكرایكرد "تۆڵه‌یه‌كی توند" له ئه‌مریكا ده‌كرێته‌وه له كات و شوێنی گونجاو‌دا.