Sümeyye Dilara Dinçer,Mustafa Deveci
25 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 26 نیسان 2023
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوە کرد کە لەئێستادا کشانەوەی تورکیا لە باکووری عێراق و سووریا جێگەی باس نییە و گوتی: ''کشانەوە لە باکووری عێراق و باکووری سووریا، واتە راگرتنی ئۆپەراسیۆنەکان، واتە هاتنی تیرۆریستان بۆسەر سنوورەکانمان. ئەمەش هەڕەشەیە لەسەر مانەوەمان''.
مەولود چاوشئۆغڵو لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی "TV 100"دا، وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە سەبارەت بە بابەتەکانی رۆژەڤ و هەڵسەنگاندنی بۆ کردن.
وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەکارهێنان و بەکارنەهێنانی دەستەواژەی جینۆساید لەلایەن ئەمریکاوە لەبارەی بانگەشەکانی ئەرمینیا رەوایەتییەکی یاسایی نییە و وەک توانجێک بۆ ئەوانەی باسی مێژوو دەکەن گوتی: ''زانیاری مێژووییمان زۆر لاوازە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر حەزمان لە وانەدانی مێژووییە. لە راستییدا زۆر گرنگ نییە کێ چی گوتووە، ئەمانە لە رووی یاساییەوە پابەندییەکیان نییە''.
راشیگەیاند: ''مەرجی نەتەوە یەکگرتووەکان روونە، پێناسەی جینۆساید روونە. لە ئەنجامدا دوای ئەوەی لە زۆرێک لە پەرلەمانەکان بڕیاردرا، حکوومەتەکانیش هەروەها، ئێمە بە روون و ئاشکرا ئەو بڕیارانە ناناسین و دانی پیادا نانێین کە ئەم پەرلەمان یان ئەنجوومەنی پیرانە دەریدەکات. ساڵی ٢٠١٥ بووە بێهیوایی بۆ ئەرمینیا''.
مەولود چاوشئۆغڵو باسی لەوە کرد کە زۆر هەڵەیە سیاسییەکان لەبارەی مێژووەوە بڕیار بدەن و پێویستە لە سەرچاوە جیاوازەکانەوە مێژوو بخوێننەوە.
گوتیشی: ''لە مێژووی ئێمەدا شتێک نییە بە ناوی جینۆساید. ئێمە هەموو شوێنێکمان فەتح کردووە و بەڕێوەمان بردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاوەدانمان کردووەتەوە و ئاسەوار و کاری گەورەمان جێهێشتووە. هەمووانیش دوای بەدەستهێنانی سەربەخۆیی بە ئایین، زمان و پێکهاتەی نەتەوەیی خۆیان بەردەوامبوون لە ژیان''.
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوە کرد کە ئەو هەڵبژاردنانەی لە ١٤ی ئایاردا لە تورکیا ئەنجام دەدرێن هەڵبژاردنێکی هەستیار دەبێت و گوتی: ''ئێمە باش ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دەبینین. ئەگەر خودا ئیزنی لەسەر بێت لە خولی یەکەمدا، بەڕێز سەرکۆمارمان دووبارە سەرکەوتن بەدەستدەهێنێتەوە، راپرسییەکانیش هەر وا دەڵێن. ٤-٥ راپرسیی ناوخۆیی هەیە. راپرسییە بیانییەکانیش دەبینین. باڵیۆزخانەکانیش لە ئەنقەرە بەردەوام راپرسی دەکەن بۆ ئەوەی تابلۆی سیاسیی لە تورکیا ببینن''.
- ئاسایشی نیشتمانییمان بەلامانەوە لە هەموو شتێک گرنگترە
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو هۆشداری دا لەبارەی ئەوەی کە بە کشانەوەی تورکیا لە خاکی سووریا ئەو بۆشاییەی دروست دەبێت لەلایەن رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە پڕدەکرێتەوە و گوتی: ''ئۆپۆزسیۆن دەڵێت ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی وڵات رادەگرێت. باشە کشاینەوە و بۆشایی ئەوێ کێ پڕی دەکاتەوە؟ رێکخراوە تیرۆریستییەکان. ئایا ئێمە بە قووڵای ٣٠ کیلۆمەتر بەشێکی زۆری ئەو تیرۆریستانەمان دەرنەکردووە؟ بەڵێ. کاتێک کشاینەوە ئەمانە هاتنە سنوورەکانمان ئەوا خوا نەکردە هەموو رۆژێک لە تورکیادا شتێک دەتەقێتەوە. لەبەرئەوە ئاسایشی نیشتمانییمان لە هەموو شتێک گرنگترە. ئێمە لێرەدا قوربانیی دەدەین، بۆچی؟ لەبەرئەوەی خاکەکەمان لە ئارامییدا بێت. ئێمە بۆ خۆشی قوربانیی نادەین و چاومان لە خاکی سووریا نییە. کاتێک ئاسایشێکی تەواو لێرەدا بەرقەرار بوو و پرۆسەی سیاسیی کاری کرد و ئارامی ناوخۆ دەستەبەر بوو، وڵاتەکەمان لە ئارامییدا دەبێت. لەئێستادا ناکرێت هەنگاوێکی لەو شێوەیە بنێین بۆ کشانەوە، چونکە بەلای ئێمەوە هەڕەشەی جیددی دروست دەکات بۆ بابەتی ئاسایشی نیشتمانیی''.
مەولود چاوشئۆغڵو لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری چاوپێکەوتنی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و بەشار ئەسەد ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەری هەیە، ئەمەیش هیچ مەرجێکی نییە، پێویستە لەسەر ئەم نەخشەڕێگایە بکرێت کە پرۆسەی سیاسیی، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و سەقامگیریی وڵات لەخۆ دەگرێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە تاکوو سەقامگیریی لە سووریا بەدی نێیەت، تورکیا بە قورسی باجەکەی دەدات.
مەولود چاوشئۆغڵو بە پێویستی زانی بۆ رێگەگرتن لە سەرهەڵدانی قەیرانی مرۆیی ماوەی رێککەوتنی رەوانەکردنی دانەوێڵە درێژ بکرێتەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی لێدوانەکانی سەرۆکی گشتیی جەهەپە، کەمال کڵچدارئۆغڵو کە بەڵێنی داوە، ٣٠٠ ملیار دۆلار دەهێنێت بۆ تورکیا گوتی: "ئەو دروشمانەی کڵچدارئۆغڵو کردەیی نین. باشە ئەو پارەیە لە کوێ و چۆن چۆنی دەهێنێت، بەبێ بەرامبەر دەهێنێت، یان بە قەرز یان بە بەخشین، سووی دەچێتە سەر یان نا؟ پێویستە لەمبارەیەوە بدوێت، ئینجا دەشڵێت لەماوەی سێ مانگدا دەیهێنم، ناکرێت ئاوا لە گۆترە قسە بکرێت".
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە دا کە وڵاتەکەی ئەندامە لە ناتۆ و دژی پەلاماردانی ئۆکراینا وەستاوەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوانەیشدا هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانیان راگرتووە و بەشدارییان نەکردووە لەو سزایانەی خراونەتە سەر رووسیا و ئێران و واژووکردنی رێککەوتننامەی دانەوێڵەیشی لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا بە نێوەندگیری تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەم رۆڵەی تورکیا گەڕاندەوە.
- "لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا متمانەم بە ئەمریکا و فەڕەنسا نییە"
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە وڵاتەکەی نابێت پشت بە هیچ وڵاتێک ببەستێت و پێویستە باوەڕی تەنها بە توانای خۆی هەبێت، چونکە لە قۆناغی داهاتوودا رکابەری هێزەکان لە جیهان زیاتر دەبێت، گوتی: "لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا متمانەم بە ئەمریکا و فەڕەنسا نییە، چونکە ئەوان سیاسەتی دووفاقییان گرتووەتە بەر و لای ئەوان دووڕوویی هەیە".
مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی هەڵسەنگاندنەکانیشی بۆ هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار، گوتی: "لە یەکەم گەڕی هەڵبژاردندا سەرکۆمار (رەجەب تەیب ئەردۆغان) لەسەدا ٥٢ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت. ئاک پارتی-یش زیاتر لە لەسەدا ٤٠ی دەنگەکان بە دەست دەهێنێت، پێموایە دەیگەیەنێتە لەسەدا ٤١ بۆ ٤٢. تا ئێستا وا دەردەکەوێت. خوا یار بێت زیاتر لە ٣٠٠ کورسی بەدەست دەهێنین و بە تەنها دەبینە خاوەنی زۆرینەی پەرلەمانی".