ئیسلام ئاباد
بۆ یەکەمجارە لە وڵاتی پاکستان ژنان مەشقی کۆماندۆ دەبینن کە بەپێی نەریتی ئەو وڵاتە ژنان کەمترین چالاکییان ھەیە کە وەک بوونەوەرێکی "ئاست نزم" سەیر دەکرین.
لە ویلایەتی ھایبەر پاکتونکوا کە بەڕەگەز خەڵکی ویلایەت پێشتوونن لە پاکستان گروپێک لە ژنان بە مەشقی کۆماندۆدا تێدەپەڕن.
لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بە دووری سەعات و نیوێک لە شاری نۆڤشێرا، کەمپێکی مەشقی سەربازیی بۆ ئەو گرووپە ژنە دروست کرا، کە ژنان مەشقی سەربازیی کۆماندۆی شەش مانگە وەردەگرن و ژمارەیان ٣٥ ئافرەتە.
بەڕێوەبەری ئاسایشی ویلایەتی ھایبەر پاکتونکوا ناسر دوورانی لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژەی بە خواستی گرووپێک لە ژنانی ناوچەکە بۆ مەشقی کۆماندۆی سەربازیی لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان کرد، کە ئەوانیش دەستبەجێ ھەستاون بە جێبەجێ کردنی داواکارییەکە.
دوورانی گوتی: "لە کاتی روودانی ھێرش و رووداوە تیرۆرییەکان بە تایبەتی لەو ناوچانەی خەڵکەکە موحافیزکارن رووبەڕووی سەختی زۆر دەبینەوە، بۆیە ئەو ژنانانەی کە مەشقی کۆماندۆ وەردەگرن ھاوکارییەکی زۆری ھێزەکانی پۆلیس دەبن، لە کاتی پشکنینی ئەو ماڵانەی ئافەرتیان تیادایە ئەوان پشکنینیان بۆ دەکەن، ئەمەش رێگرییەکان و رەخنەکان ناھێڵێت".
فەرماندەی پۆلیسی مەشقی کۆماندۆ موئمین بەگ، ئاماژەی بە راسپاردنی ئەرک بەسەر ٣٥ ئافرەتی پۆلیس دوای ئەوەی مەشقی شەش مانگەیان کۆتایی دێت کرد.
فەرماندەی پۆلیس گوتی: "ئەو گرووپە ئافرەتە وەک خۆبەخش چوونەتە ریزەکانی پۆلیس و داوای مەشقیان کردووە، لەم ویلایەتە بۆ یەکەمجارە ژنان بەشداری لە مەشقی کۆماندۆ دەکەن، ھەموو جۆرە مەشقێکی چەک دەبینن تەمەنی بەشداربووانیش لە نێوان ٢٥ بۆ ٣٠ ساڵدایە".
یەکێک لە بەشداربووانی مەشقی کۆماندۆ بە ناوی سادیە، تەمەن ٢٦ ساڵ کە دەرچووی زانکۆیە، ئاماژەی بە رەزامەندی خێزانەکەی و پاڵپشتی خانەوادەکەی کرد بۆ بەشداری کردنی لە مەشقی کۆماندۆ و گوتی: "لێرەوە فێری ھەموو جۆرە مەشقێکی سەربازیی دەبین، سەرجەم چەکەکانمان بەکارھێناوە".