کابوڵ
ھێرشێکی خۆکوژی لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستاندا کە پاسێکی سەربازی کردە ئامانج، شەش کوژراو و ١١ برینداری لێکەوتەوە.
وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان سەبارەت بە رووداوەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد، لە ناوچەی تەنگییەی تەرحەل، لە لایەن کەسێکی خۆکوژەوە ھێرش کراوەتە سەر پاسێکی سەربازیی کە کارمەندانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەی تیادا بووە، لە ئاکامدا شەش سەرباز کوژراون.
ھەروەھا لە بەیاننامەکەدا بریندرا بوونی ١١ سەربازی دیکە لە ھێرشەکەدا راگەیاندراوە، ئاماژە بەوەش کراوە کە هێرشەکە سەعات ٧ی بەیانی روویداوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە برینی ژمارەیەک لە بریندارەکان سەختە. هاوکات وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان بە توندی سەرکۆنەی ھێرشەکەی کرد.
لای خۆیەوە بزووتنەوەی تاڵیبان بەرپرسیارێتی ھێرشەکەی لە ئۆستۆ گرت. گوتەبێژی تاڵیبان زابیعوڵا موجاھید رایگەیاندووە: "بە دەیان سەربازی ئەفغانستان کوژراون".