سلێمانی - هاوكار یاسین / شوان سدیق
پێش نیوەڕۆی رۆژی پێنج شەممە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆبوونەوەیان دەستپێكرد.
لەسەر لیستی یەكێتیی ئاسۆ فەرەیدون وەك پارێزگاری سلێمانی دیاری كرا بە دەنگی 32 ئەندام هەروەها لەسەر لیستی بزووتنەوەی گۆڕانیش هەڤاڵ ئەبوبەكر وەك سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلیمانی هەڵبژێردرا بە 32 دەنگ.هەرلەو دانیشتنە جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش دیاری كرا پۆستەكە ئەكرەم شەریف لە فراكسیۆنی سەوز وەری گرت. جێگری پارێزگاری سلیمانی بۆ كاروباری هونەری بۆ بزووتنەوەی گۆڕان.
بەپێی زانیارییەكان دەست ئانادۆڵو كەوتووە. فراكسیۆنی خزمەت و هاوپەیمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان، رەخنەیان لە رێكەوتنی نێوان یەكیتی و گۆڕان گرتووە لەسەر دیاریكردنی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلیمانی.
لەدانیشتنی ئەمڕۆ پێنج شەممە فراكسیۆنی خزمەت و هاوپەیمانی بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد، پارتیش بەشداری كرد، بەڵام وەك خۆیان رایانگەیاند، دەنگ بەرێكەوتنی نێوان ی.ن.ك و بزووتنەوەی گۆڕان نادەن، بەبیانووی ئەوەی ئەو دوولایەنە لەدەرەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلیمانی گەیشتوونەتە رێكەوتن نەك لەناو ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی.
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، لە 30ی نیسانی ئەمساڵ بەرێوەچوو بەهۆی رێك نەكەوتنی نێوان لایەنەكانی سیاسی، لە سلێمانی بەتایبەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، یەكلایی كردنەوەی پۆستە ئیدارییەكانی ئەو پارێزگایە دواخرا.رۆژی 9ی ئەم مانگە هەردوو حزبی بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان كە براوەی یەكەم و دووەمی هەڵبژاردنن بەجیاوازی كورسیەك لە پارێزگای سلێمانی، رێكەوتنیان لەبارەی پۆستە ئیدارییەكانی سلێمانی واژۆكرد.
بەپێی ئەو رێكەوتنە پۆستەكانی پارێزگای سلێمانی و جێگرەكانی كە بریتین لە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و جێگرەكەی هەروەها بڕیاردەری ئەنجوومەن، قائیمقامیەتی ناوەندی سلێمانی بۆ هەر یەك لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆ ماوەی دوو ساڵ پاشان جێگۆركێیان پێدەكرێت.
هەر بەپێی ئەو رێكەوتنەی نێوان یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان، پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجە و جێگرەكانی سەرۆكی ئەنجوومەنی هەڵەبجە و جێگرەكەی، بڕیاردەری ئەنجوومەنی هەڵەبجە و قائیمقامی هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ئیدارەی راپەڕین و جێگرەكان دابەشدەكرێ و بۆ ماوەی دوو ساڵ پاشان جێگۆركێیان پێدەكرێت.