موسڵ
ئەندامی فەرماندەیی میحوەری باشیکی هێزی پێشمەرگە سدیق سهعدی لهبارهی رهوشی سهنگهرهكانی شهڕ و پێكدادانهكان، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە رووی سەربازییەوە ناحییەی باشیک و گوندەکانی دەوروبەری ئێستا لە ژێر لولەی چەکی پێشمەرگەدایە و ئەگەر فەرمان بێت، لە ماوەی کەمتر لە دوو سەعاتدا باشیک و گوندەکانی دەوروبەری ئازاد دەکەین".
وەک ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە باسی کرد، پێشتر داعش هێرشی زۆری دەکرده سەر هێزی پێشمەرگە، بەڵام دوای شەڕی ئەم دواییە کە تەرمی 22 چەکداری داعش کەوتە دەست هێزی پێشمەرگە، ههروهها شکسته یەک لە دوای یەکهكانیان و لێدانی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان، ئێستا داعش جموجۆڵی نەماوە و ناتوانێت پێشڕەوی بکات، بۆیەش تاکتیکی شەڕی خۆی گۆڕیوە.
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ههروهها گوتی: "شەوانە لە کاتی باران بارین و بوونی تەمومژ و خراپ بوونی کەشوهەوا، هەندێک جار داعش رەوشەکە دەقۆزێتەوە و لە رێگەی گرووپی چەند کەسی لە سەنگەری پێشمەرگە نزیک دەبنەوە، مەبەستیانە لەو رێگەیەوە بڵێن ماوین، هەروەها زیان بە پێشمەرگە بگەینن، بەڵام ئەو فێڵەی داعشیش ئاشکرا بووە، پێشمەرگە بە نهێنییەکان فێربووە و وڵامی توندیان دەداتەوە و هەموو جارێک تووشی شکستیان دەکات".
لەو میحوەردا چەکی تازەی وڵاتانی بیانی بە تایبەت ئەڵمانیا گەیشتووەتە دەستی پێشمەرگە، كه ئهوهش هۆكارێكه بۆ ئەوەی هاوسەنگی شەڕ له بهرژوهندی پێشمهرگه بشكێتهوه.
لهوبارهیهوه ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە گوتی: "چەندین جۆری چەکی بیانی گەیشتووەتە دەستی پێشمەرگە، كه لهنێو ئهو چهكانهدا چهكی قورسیش ههن وەک مووشەکی میلانی ئەڵمانیا کە دژە تانکە و دوو کیلۆمەتر دەبڕێت، هەروەها دۆشکەی ٢٣ی فەڕنسی کە چوارکیلۆمەتر دەبڕێت و چەکی سووکی ناتۆ کە ئەوانیش بەشێکیان ئەڵمانی و فەڕەنسی و ئەمریکی و هەنگارین و توانای کارکردنیان زۆر باشە و لە کاتی تەقاندنیان ئامانجی خۆیان لە سەدا سەد دەپێکن".
شەوانە دەیان خێزان له خەڵکی باشیک و دەوروبەری بە نهێنی دەربازی سنووری هەرێمی كوردستان دەبوون و ئێستا پێشمەرگە ئەو رێگەیەی داخستووە.
سدیق سهعدی ئاماژەی بە رەوشی ژیانی ناو باشیک و دەوروبەری کرد و گوتی: "ژیان لەو ناوچانە نەماوە، خەڵکی ئەو شارە و دەوروبەری هەمووی رای کردووە، بەشێکیان بۆ هەرێم بەشەکەی دیکەشیان بە ناچاری چوونەتە موسڵ، لەگەڵ ئەوەشدا تا چەند حەفتەیەک بەر لە ئێستا شەوانە دەیان خێزان بە نهێنی هاتوونەتە نزیک سەنگەرەکانی پێشمەرگە و دەربازی سنووری هەرێم بوونە، بەڵام ئێستا لە ترسی ئەگەری بوونی هەواڵگری داعش لەنێو خێزانەکان، رێگەش داخراوە و تەنانەت یەک خێزانیش رێگەی پێنادرێت بێتە ناو هەرێم، بۆیە بە پەرۆشەوە چاوەڕێن تا زوو ناوچەکانیان ئازاد بکرێت".
ناحییەی باشیک دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شاری موسڵ و ٢٦ کیلۆمەتر لە سەنتەری ئەو شارەوە دووره، زۆربەی دانیشتووانەکەی لە مەسیحی و دەرەوەی ناحییەکەش لە کوردی شەبەک پێکهاتوون و هەموو بەرزاییەکانی نزیک ئەو ناحییەیە لە دەستی پێشمەرگەدایە و سەنتەری ناحییەکە و گوندی کانونێی نزیک ناحییەکە لە دەستی چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی ناسراو بە (داعش)دایە.