Zana Natık Kerem
06 حوزەیران 2024•نوێکردنەوە: 07 حوزەیران 2024
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان-عێراق، مەسرور بارزانی و شاندێکی ئێران گفتوگۆیان کرد لەبارەی پەرەپێدان بە پەیوەندیی دوولایەنە، ھاریکاری و ھاوئاھەنگی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانکاری بۆ ھاتوچۆ و گەشتیاران لە نێوان ھەردوولادا.
نووسینگەی ڕۆژنامەوانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێم لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە مەسرور بارزانی پێشوازی کردووە لە شاندێکی ئێران بە سەرۆکایەتیی پارێزگاری ورمێ، محەمەد سادق موعتەمدیان.
ڕاشیگەیاندووە لە کۆبوونەوەکەدا کە پارێزگاری کوردستان، ئیسماعیل زارعی کوشا و پارێزگاری کرماشان، محەمەد تەیب سەحرایی و ژمارەیەکی دیکەی بەرپرسانی ئێران ئامادەی بوون، گفتوگۆکراوە لەبارەی پەرەپێدان بە پەیوەندیی دوولایەنە، ھاریکاری و ھاوئاھەنگی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانکاری بۆ ھاتوچۆ و گەشتیاران لە نێوان ھەردوولادا، بەتایبەتی ئامادەکارییەکانی پێشوازیکردن لە زیارەتکارانی ئێرانی بۆ شوێنە پیرۆزەکانی باشووری عێراق.
باسی لەوەشکردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر پێویستی پتەوکردن و پێشخستنی پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەش.