Abdullah Shukur
24 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 25 ئەیلوول 2017
بەرلین - AA
پارتی یەکێتی دیموکراتی کریستیان (CDU) بە سەرۆکایەتی راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ بووە براوەی ھەڵبژاردنە گشتییەکانی ئەڵمانیا. بە گوێرەی ئەنجامەکان، پارتی ناوبراو سەدا ٣٢.٥ی دەنگەکانی بەدەستھێناوە.
نزیکەی ٦١.٥ ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان لە ئەڵمانیا بەکارھێنا و پرۆسەی دەنگدانەکەش ئەمڕۆ کاتژمێر ٦ی ئێوارە بە کاتی ناوخۆیی ئەو وڵاتە کۆتایی ھات.
بەپێی ئەو ئەنجامە بەراییانەی لە لایەن کەناڵی ARDی بڵاوکراوەتەوە، پارتی یەکێتی سۆسیالی کریستیان (CDU) سەدا ٣٢.٥ دەنگەکانی بەدەستھێناوە، لە کاتێکدا پارتی دیموکراتی سۆسیال (SPD) کە ھاوپەیمانی حکوومەتە سەدا ٢٠ی دەنگەکانی بەدەستھێناوە.
ھەردوو پارتی SPD و CDU بە گوێرەی ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٣ رێژەی دەنگەکانیان دابەزیوە.
ھاوکات رێژەی دەنگەکانی پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا (AfD) و پارتی دیموکراتی ئازاد بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بووە و توانیانە بچنە نێو پەرلەمانەوە.
بەپێی ئەو ئەنجامانەی کە کەناڵی ARDی لەبارەی رێژەی کورسییەکانی هەر پارتێک لە پەرلەمانی ئەڵمانیا بڵاویکردووەتەوە، پارتی یەکێتی سۆسیالی کریستیان ٢١٦ کورسی و پارتی دیموکراتی سۆسیال ١٣٣ کورسی و پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا ٨٩ کورسی و پارتی سەوز ٦٣ کورسی و پارتی چەپ ٦٠ کورسی بەدەسھێناوە.