Ramal Mahmood
16 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 17 کانوونی یەکەم 2016
راوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکڵ بە ئاماژە دان بەوەی کە پێشهاتەکانی سووریا و تیرۆر کاریگەری دەکەنە سەر تورکیا، رایگەیاند: "تورکیا بە میوانداریکردنی سێ ملیۆن پەنابەر بەرپرسیارێتییەکی لەڕادەبەری خستە ئەستۆی خۆی و سەرلەنوێ ئامادەیە بۆ هاوکاری مرۆیی".
مێرکڵ دوای بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە بڕۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، لێدوانێکیدا و رایگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا و ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوون لەگەڵ ئەو وڵاتە.
مێرکڵ سەرنجی بۆ رەوشی تورکیا و بەهانەوەچوونی پەنابەران راکێشا لەلایەن تورکیاوە و گوتی: "بەجۆرێک لەجۆرەکان تیرۆر کاردەکاتە سەر تورکیا، لەلایەن پەکەکە و داعشەوە. تورکیا هاوسێی سووریایە کە لە ئێستادا لە ناخۆشترین و سەختترین رەوشدا دەژیت. کاتێک مرۆڤ دەبینێت حەلەب چەند لە سنووری تورکیاوە نزیکە ئینجا دەزانێت ئەمە بە چی مانایەک دێت. تورکیا بە میوانداریکردنی سێ ملیۆن پەنابەر بەرپرسیارێتییەکی لەرادەبەری خستە ئەستۆی خۆی و سەرلەنوێ ئامادەیە بۆ هاوکاری مرۆیی".
ئەنگێلا مێرکڵ باسی لەوەش کرد کە لەو بارەیەوە لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە گفتوگۆدان.
مێرکڵ ئەوەیشی خستە روو کە سەرۆکی شارەوانی حەلەب بەشداری لە کۆبوونەوەی لوتکەکەدا کردووە و باسی لە رەوشی مرۆیی شارەکە کردووە و، بە پێویستشی زانی یارمەتی ئەو هاووڵاتییانە بدرێت کە لە حەلەب دەچنە دەرەوە.
مێرکڵ هێرشکردنە سەر هاووڵاتییانی مەدەنی لە سووریا خستە ئەستۆی رژێمی ئەسەد و رووسیا و ئێران، تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە پێویستە تاوانباران سزا بدرێن، گوتی: "نامەوێت ئەوە بشارمەوە کە ئەم بەشەی کۆبوونەوەکە شڵەژێنەر بوو، چونکە لە سەدەی ٢١ شتێک دەبینین کە مایەی شەرمە".