Mazın Asad
04 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2016
ئەنقەرە
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو و راوێژکاری ئەڵمانیا ئانجێلا مێرکڵ بەیەکەوە تەلەفۆنی قسەیان کرد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەکانی نێو سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیاوە دەستکەوتوون، مێرکڵ دوێنێ ئێوارە بە تەلەفۆن پەیوەندی بە داودئۆغڵوەوە کردووە.
لە پەیوەندییەکەدا بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی و هەروەها بابەتەکانی هاریکاری نێوان یەکێتیی ئەورووپا و تورکیا بەپێی رێککەوتنەکەی رۆژی ١٨ی ئازاری ٢٠١٦ لە برۆکسل هاتە بەرباس و بەشێوەیەکی گشتگیر تاوتوێ کران.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا داودئۆغڵو ئاماژەی بەوە کردووە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە لەلایەن تورکیا و یەکێتیی ئەورووپاوە کارێکە رێگەی تێدەچێت و بەرپرسانی تورکیا هەموو ئامادەکارییەکی پێویستیان بەمەبەستی جێبەجێکردنی ماددەکانی رێککەوتنەکە ئەنجام داوە.
ئانجێلا مێرکڵ پرسە و سەرەخۆشی خۆی بەهۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانی تورکیا و چەکدارانی هێزی تەناهی لە هێرشە تیرۆریستییەکانی ماوەی رابردووی بەوەی رۆژی ٣١ی ئازاریشەوە کە لە دیاربەکر لەلایەن پەکەکەوە ئەنجام درا، گەیاندە سەرۆکوەزیرانی تورکیا و جەختی لەوەش کردەوە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا ئەڵمانیا پشتیوانی تورکیا دەبێت.
داودئۆغڵو وێڕای سوپاسکردنی مێرکڵ بەهۆی پەیامی پشتیوانیانەوە، ئاماژەی بەوە کرد بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەخۆڕاگرییەوە لەلایەن تورکیاوە بەردەوام دەبێت.
لەپاڵ ئەمانەشدا ئەحمەد داودئۆغڵو سەرنجی بۆ ئەو بڵاوکراوە نەرێنیانە راکێشا کە لە دەزگاکانی راگەیاندنی ئەڵمانیا لەسەر سەرکۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان و تورکیا بڵاو کراونەتەوە کە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئازادی رادەربڕین یەک ناگرێتەوە و ئەوەی بە مێرکڵ راگەیاند کە ئەوان چاوەڕێ دەکەن کۆتایی بەم بڵاوکراوانە بهێنرێت کە قبووڵ ناکرێت.
راوێژکاری ئەڵمانیا لەم بارەیەوە باسی لەوە کرد چاودێری بابەتەکەیان کردووە و ئەو جۆرە بڵاوکراوانە بەهیچ جۆرێک گوزارشت لە هەڵویستی حکوومەتی وڵاتەکەی ناکات.